مارێسکا هۆکاری یاری نەکردنی گارناچۆ بەرامبەر یانەکەی پێشووی ئاشکرادەکات

ئێنزۆ مارێسکا وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووسانی دایەوە سەبارەت بە یارینەکردنی ئەلیخاندرۆ گارناچۆ بەرامبەر شەیتانە سوورەکان.
گارناچۆ هاوینی ئەمساڵ، مانچێستەر یونایتدی جێهێشت و پەیوەندی بە چێڵسییەوە کرد. بەدرێژایی یارییەکەش هاندەرانی یونایتد هوتافیان لەدژ کێشا و سوکایەتییان پێدەکرد، بە بێ ئەوەی ئەو یاریزانە بەشداری بکات.
یارییەکە لە بەرژەوەندی یونایتد بە ئەنجامی 2-1 کۆتایی هات و چاوەڕواندەکرا ناوبراو لە نیوەی دووهەم بەشداری بکات بەڵام مارێسکا بڕیاریدا لەسەر کورسی یەدەگ بیهێڵێتەوە. دوای یارییەکە پرسیاری ئەوە لە راهێنەر کرا کە ئایا یاری نەکردنی گارناچۆ پەیوەندی بە سوکایەتییەکانی هاندەرانی یونایتدەوە هەبووە؟
مارێسکا لە وەڵامدا وتی
نا، ئەو ئامادەبوو بەشداری بکات وە لە پلان دا بوو بەڵام وێس (وێسلی فۆفانا) داواکرد گۆڕانکاری پێبکرێت و لەبەر ئەوە پلانەکە گۆڕا.
گارناچۆ ئامادەنەبوو جارێکی دیکە یاری بۆ مانچێستەر بکاتەوە و سوور بوو لەسەر ئەوەی پەیوەندی بە چێڵسی رکابەرییانەوە بکات، بەڵام تا ئێستا تەنها وەک یاریزانی یەدەگ بەشداری پێکراوە لەگەڵ بلوز ئەویش لە دوو یاریدا.