ئەستێرەیەک دەیەوێت پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بكات
خەون بە پۆشینی درێسی یانە شاهانەكەوە دەبینێت

یاریگا –
دایۆت ئۆپامیكانۆ، بەرگریكاری فەڕەنسی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی خەون بە پۆشینی درێسی ریال مەدریدەوە دەبینێت.
ئۆپامیكانۆ لە هاوینی 2021 لە ریزەكانی لایپزیگەوە بە بەهای 42.5 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە بایرن میونشنەوە كرد و گرێبەستەكەی لە هاوینی داهاتوو بەسەردەچێت.
بە گوێرەی زانیارییەكانی ماركا، دایۆت ئۆپامیكانۆ خۆی پێشكەشی ریال مەدرید كردووە و خەون بە پۆشینی درێسی ئەو یانەیەوە دەبینێت.
یاریزانەكە نایەوێت گرێبەستەكەی لەگەڵ بایرن میونشن نوێبكاتەوە و دەیەوێت داهاتووی خۆی یەكلاییبكاتەوە.
بەرگریكارە 26 ساڵانەكەی بایرن میونشن بەڕێوەبەری كارەكانی ئاگادار كردووەتەوە دەیەوێت لە ریال مەدرید یاریی بكات.
ریال مەدرید بژاردەی زۆری لەبەردەمدایە و لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیبراهیما كۆناتێ بەرگریكاری لیڤەرپوول بەردەوامە.
ریال مەدرید لە مێركاتۆی هاوینەدا گۆڕانكارییەكی بەرچاوی لە هێڵی بەرگریدا كرد و هەریەک لە یاریزانان دین هاوسن، ئالڤارۆ كارێراس و ترێنت ئارنۆڵدی گواستەوە.