
یاریگا –
بارسێلۆنا کێبڕکێ لەگەڵ کات دەکات و دەیەوێت بۆ جەنگی پاریس سانجێرمان، لامین یامال ئامادەبێت.
رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، یامال خەریکی مەشقی چڕی تاکەکەسییە و زۆربەی کاتەکان بە تەنیا لە هۆڵی مەشق بەسەردەبات.
هانزی فلیک لە پرێس کۆنفڕانسی پێش یارییەکە روونیکردەوە، دەبێ رۆژانە چاودێری یامال بکرێت، دواتر هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکەی بکرێت.
رۆژنامەکە جەختیکردووەتەوە، ئامانجی سەرەکی یامال ئامادەبوونی لە یاریی بەرامبەر پاریس سانجێرمان، کە 1ی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەم دەکرێت.
یامال ئێستا بە قۆناخی چارەسەری جەستەیی تێدەپەڕێت و دوێنێ شەممە، وێنەیەکی خۆی لە هۆڵی مەشقەکان لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە.
بارسا دوو یارییە بەبێ یامال یاریی دەکات و ئەمڕۆش بەرامبەر خێتافی لە تواناکانی بێبەش دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەکە دوایین زانیاری لەسەر دۆخی تەندروستی گاڤی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێشڤەچوونێک لە چاکبوونەوەی ئەستێرە ئیسپانییەکە لە پێکانەکەی هەیە.
تاوەکو ئێستا ستافی پزیشکی بارسێلۆنا بڕیاری نەشتەرگەریی بۆ گاڤی نەداوە، چونکە پلانی چارەسەرییەکانی یاریزانەکە بەباشی بەڕێوەدەچێت.
پزیشکانی بارسێلۆنا دەیانەوێت لە بابەتی نەمانی ئازار دڵنیابن و چاوەڕێی وەڵامدانەوەی جەستەی گاڤین. لە ئەگەری شکستهێنانی پلانەکانیان، ئەوا پەنا بۆ بژاردەی دیکە دەبەن.