Loading...
ئیسپانیاگرنگترین

ریال مەدرید جەنگ لە دژی لالیگا رادەگەیەنێت

گرژی و ململانێ لە سەرەتای وەرزدا

Yariga App

یاریگا –

جەنگی ریال مەدرید لە دژی یەکێتی تۆپی پێ، ناوبژیوانان و لالیگا تەنیا لە ماوەی یەک مانگدا زنجیرەیەک مشتومڕی بەجێهێشتووە.

رۆژنامەی مارکا لە راپۆرتێکی تێروتەسەڵدا بانگەشەی ئەوە دەکات، ریال مەدرید لەم وەرزەدا تا ئێستا خووی بە گلەیی و گازندە گرتووە. سکاڵاکانی ریال مەدرید لەم وەرزەدا لە ژمارەی ئەو گۆڵانەی تۆماریان کردووە زیاترە. یانەکە لە ماوەی 32 رۆژی رابردوودا 12 جار هێرشی کردووەتە سەر یەکێتی تۆپی پێی لالیگا.

یەکەم: خشتەی چڕی یارییەکان

لە کاتێکدا هێشتا یانەکان رکابەریی جامی جیهانی یانەکانیان دەکرد لە ئەمریکا، پرسی رێکەوتی یاریی هەفتەی یەکەمی لالیگا هاتە ئاراوە. ریال مەدرید بەهۆی کەمی کات بۆ ئامادەکاری بۆ پێش وەرزە داوای دواخستنی یارییەکەی کرد. مەدریدییەکان ئەو وادەیەی کە دیاریکرابوو رەتکردەوە، بەڵام داواکاریەکەیان لە لایەن لالیگاوە رەتکرایەوە، و ناچاربوون لە 19ی ئابدا بەرامبەر ئۆساسۆنا یاری بکەن، ئەمەش تەنیا 15 ڕۆژ دوای گەڕانەوەیان بۆ مەشق و راهێنانەکان.

دووەم : هەڵەی ناوبژیوانی

لە هەفتەی دووەمی لالیگا بەرامبەر ئۆڤیدۆ، دوو دیمەنی مشتومڕاوی ناوبژیوانی و دوو لێدانی سزای ئەگەری، یەکێکیان لەسەر رودیگەر و ئەوی دیکەیان لەسەر ماستانتونۆ، بووە هۆی ئەوەی ریال رووبەڕووی سکاڵایەکی جددی ببێتەوە، ئەوەش کاتێک یارییەکە هێشتا 0-0 بوو. ئەمە سەرەتای زنجیرە کێشەکانیان لەگەڵ ناوبژیوان بوو.

سێیەم: ساڵنامەیەکی نالەبار

لە کاتی پشووە نێودەوڵەتییەکاندا، جارێکی دیکە ریال مەدرید لەسەر خشتەی یارییەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی. ئەمجارە هەشتەمین گەڕی یارییەکانی لالیگا و یارییەکەی بەرامبەر ڤیاریال لە یاریگای بێرنابیۆ بوو. تیمەکەی چابی ئاڵۆنسۆ لەو هەفتەیەدا درێژترین گەشتی ئەوروپی لە مێژووی خۆیدا هەیە: گەشتێکی نزیکەی هەشت کاتژمێری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئالماتی لە کازاخستان. ئەم یارییە رۆژی سێشەممەیە دەکرێت و یانەی ریال مەدرید ناتوانێت تا رۆژی پێنجشەممە بگەڕێتەوە راهێنانەکانیان، لەگەڵ ئەوەشدا یارییەکەی لالیگا رۆژی شەممە دەکرێت و داوایان کرد یارییەکە دوابخەن بۆ رۆژی یەکشەممە.

چوارەم: کرانە دەرەوەی دین هاوسن

دوای پشووی نێودەوڵەتی، ناکۆکییەکانی ریال مەدرید لەگەڵ لێژنەی ناوبژیوانان گەیشتە ئاستێکی نوێ. کرانە دەرەوەی مشتومڕاوی هاوسن بەرامبەر ریال سۆسیداد، کە تیپەکە ناچار بوو بە 10 یاریزان بۆ ماوەی کاتژمێرێک یاریی بکات. تانەدانەکانی یانەکە بۆ هەڵگرتنی سزاکەی سەرکەوتوو نەبوون، نە لێژنەی رێککاری و نە دادگای تێهەڵچوونەوە ئامادە نەبوون سزاکەی هەڵبگرن. یاریزانەکەش خۆی بە “نادادپەروەری” ناوی بردووە.

پێنجەم: سکاڵایەک لە فیفا

کاردانەوەی رووداوەکەی دژی سۆسیداد دەستبەجێ بوو. تەنیا چەند خولەکێک دوای یارییەکە، تەلەفزیۆنی فەرمی ریال مەدرید ئاشکرای کرد: ریال مەدرید خەریکی ئامادەکردنی دۆسیەیە لەسەر ئەوەی لە رووی ناوبژیوانییەوە لە چوار هەفتەی یەکەمی ئەم وەرزەی لالیگا و وەرزی رابردوو بەرامبەرمان کراوە، بۆ ئەوەی بینێرێتە فیفا. توڕەیی یانەکە لە ناوبژیوانان لەم یارییەدا بووە هۆی ئەوەی بە ئاشکرا رێوشوێنێک رابگەیەنن کە ماوەیەکە کاری لەسەر کردووە و دەڵێت: ریال مەدرید ئەم راپۆرتە پێشکەش دەکات تاوەکوو فیفا لە دۆخی ئیسپانیا ئاگادار بکرێتەوە.

شەشەم: نادادپەروەری

لەگەڵ چڕبوونەوەی مشتومڕی ناوبژیوانان، ریال مەدرید کە لە بڕیارە خراپەکەی خێل مانزانۆ لە ئانۆێتا ناڕازی و تووڕە بوو، ئامارێکی سەیری ئاشکرا کرد: تا ئێستا لە سەدەی بیست و یەکەمدا بارسێلۆنا ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردووە کە 65 جار زیاتر یاریزانانی تیپی بەرامبەر لە یاریگا دەرکراون، لەکاتێکدا بۆ ریال مەدرید ئەم ئامارە -2ـە واتە دوو یاریزانی ریال مەدرید زیاتر لە تیپەکانی بەرامبەریان کراونە دەرەوە.

حەوتەم: تێوەگڵانی کاستیا لەگەڵ ناکۆکیەکان

تیپی دووەمی ریال مەدرید لەگەڵ ناکۆکییەکانی تێوەگڵاوە. لە دوو هەفتەی رابردوودا تیپەکە تووشی مشتومڕەکانی ناوبژیوانی بووە. یەکەم: کرانەدەرەوەی سێسترۆ بەرامبەر ئاتلێتیکیک بلباو، دواتر لە یاریی دواخراودا بەرامبەر ریسینگ فێرۆل، دوای فاولێک بەرامبەر خوان مارتینێز، کە ناوبژیوان سەرەڕای سەیرکردنەوەی ڤار بەڵام کارتی سووری بە یاریزانی بەرامبەر نەدا.

هەشتەم: خوێنمژەکانی لالیگا

رۆژێک پێش دەستپێکردنی چامپیۆنزلیگ، کارمەندانی تایبەت بە دژە ماددەی وزەبەخش لە لالیگا (کە بە خوێنمژەکان ناویان بردوون) گەیشتنە ڤاڵدێبیباس. رووداوە رۆتینییەکە بەهۆی کاتەوە مشتومڕی لێکەوتەوە، چونکە دەستپێکردنی راهێنانەکانی دواخست. لە کەشێکی گرژیدا، تەنیا سووتەمەنی بۆ قەیرانێک زیاد کرد کە پێدەچێت بۆ ماوەی وەرزەکە کۆنتڕۆڵکردنی قورس بێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button