ئه‌وروپاچامپیۆنزلیگگرنگترین

ئادیداس، نایکی و پوما؛ کامیان تاجی پاشایەتی چامپیۆنزلیگ لەسەر دەنێت؟

ئادیداس پارێزگاری لە تەختی پاشایەتی دەکات...

Yariga App

یاریگا –

چامپیۆنزلیگ، بەهێزترین خولی تۆپی پێی جیهان دەستپێدەکاتەوە و سێ کۆمپانیای زەبەڵاحی وەرزشی لەم پاڵەوانەتییەدا پێشبڕکێ دەکەن.

ئەمشەو سێشمەوە، دوای زیاتر لە 100 رۆژ خولی یانە پاڵەوانانی ئەوڕوپا بە بەشداری 36 یانە لەسەر ئاستی ئەوڕوپا دەست پێدەکاتەوە. جیا لە رکابەرایەتی نێوان یانەکان، سێ کۆمپانیا زەبەلاحەکەی ئامێر و کەلو پەلە وەرزشییەکان پێشبڕکێ دەکەن.

بۆ وەرزی 2025/2026 هەشت کۆمپانیا سپۆنسەری یانەکانی تۆپی پێیان کردووە. دیارترینیان ئادیداس، نایکی و پومان کە سپۆنسەری زۆرترین یانەیان کردووە.

ئادیداس

کۆمپانیا ئەڵمانییەکە ئامانجی ئەوەیە جارێکی دیکە میدالیای زێڕ لە مل بکاتەوە، ئەمجارەش ئەو کۆمپانیایە سپۆنسەری زۆرترین یانەی کردووە. کۆی گشتی 12 تیپ کە بەشێکی زۆریان تیپە پێشەنگەکانی ئەوروپان: لە ریال مەدریدەوە کە تا ساڵی 2028 گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ کردووە بە بەهای زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ لە ساڵێکدا، تا دەگاتە لیڤەرپوول بە گرێبەستێکی چەند ساڵە بە بڕی نزیکەی 70 ملیۆن یۆرۆ لە ساڵێکدا.

ئادیداس سپۆنسەری سەرەکی بایرن میونشنیشە بە بڕی 900 ملیۆن یۆرۆ و تا ساڵی 2030 لۆگۆکەیان لەسەر جلوبەرگی ئەم یانەیە بەدی دەکرێت؛ ئارسیناڵیش گرێبەستەکەی تا ساڵی 2030 لەگەڵدا نوێکردەوە. هەروەها یوڤێنتوس بەم دواییە گرێبەستی لەگەڵدا واژۆکرد کە تا ساڵی 2037 بەردەوامە و نیوکاسڵ ساڵانە گرێبەستێکی لەگەڵدا هەیە بە بەهای نێوان 25 بۆ 35 ملیۆن یۆرۆ. ئەمانە دیارترین ئەو یانانەن کە ئادیداس سپۆنسەرییان دەکات و جیا لەم یانانە: ئینتراخت فرانکفورت، ئۆڵۆمپیاکۆس، ئێف سی کۆپنهاگن، قاراباخ ئێف کەی، و بێنفیکا.

نایکی

هەرچەندە ئەم کۆمپانیا ئەمریکییە لە خولی یانە پاڵەوانانی ئەم وەرزە هەشت تیپی هەیە، بەڵام لە ئەمریکا سپۆنسەری تەواوی خولەکانی باسکەی ئەمریکا (NBA)، خولی بەیز بۆڵ (MLB) و خولی ئەمریکا (NFL) دەکات.

لە ئەوڕوپا نایکی سپۆنسەری پاریس سانجێرمانی پاڵەوانی ئێستای ئەوروپایە، بە بەهای زیاتر لە 50 ملیۆن یۆرۆ تا ساڵی 2032، هەروەها ئینتەرمیلان تا ساڵی 2031.

یەکێکی دیکە لە یانەکان بارسێلۆنایە، کە گەورەترین گرێبەستی سپۆنسەری لەگەڵدا واژۆکردووە لە کەرتی تۆپی پێدا: تا 1.7 ملیار یۆرۆ کە لە ماوەی 14 وەرزدا تا ساڵی 2038. نایکی سپۆنسەری سێ لە چوار تیپی وەرزی رابردوو کە گەیشتنە قۆناخی پێش کۆتایی بوو و هەروەها تاوەکوو ساڵی 2035 گرێبەستیان لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مادرید هەیە.

هەروەها سپۆنسەری چێڵسی دەکات کە پاڵەوانی ئێستای مۆندیالی یانەکانە. لە ساڵی 2017 گرێبەستێکی یەک ملیار یۆرۆی لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکەدا واژۆکرد تا ساڵی 2032 بەردەوامە بە بڕی 66 ملیۆن یۆرۆ لە ساڵێکدا، کە گەورەترین سپۆنسەر بوو لە مێژوودا لەو کاتەدا. یانەیەکی تری ئینگلیزی کە جل و بەرگی ئەم کۆمپانیایە دەپۆشێت، تۆتنهامی پاڵەوانی یۆرۆپا لیگە و تا ساڵی 2033 گرێبەستەکەیان کارایە، بە رێژەی 30 ملیۆن پاوەند (34 ملیۆن یۆرۆ) بۆ هەر وەرزێک. دوو تیپی ماوەتەوە کە نایکی سپۆنسەری دەکات بریتین لە سپۆرتینگی پۆرتوگالی و یونیون سانت جیلۆی بەلجیکی.

پوما

ئەم براندە ئەڵمانییە بەدوای ئەوەیە شوێنی نایکی بگرێتەوە. هەوڵدەدات چالاکییەکانی لە تۆپی پێدا فراوانتر بکات و سپۆنسەری حەفت یانەی بەشدار لە چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزە دەکات. لە دیارترین یانەکان مانچێستەر سیتییە، کە لە ساڵی 2019ەوە گرێبەستێکی درێژخایەنی لەگەڵدا واژۆ کردووە بە بڕی یەک ملیار پاوەند (1.155 ملیار یۆرۆ).

نایکی جیا لەوەی لە ساڵی 2012ەوە سپۆنسەری بروسیا دۆرتمۆندە، بەڵکو وەک خاوەن پشکە لە یانە ئەڵمانییەکەدا، کە 5.32%ی پشکەکانی هەیە. جیا لەم دوو یانەیە پۆما سپۆنسەری گاڵاتاسەرای تورکی، مارسیلیای فەڕەنسی و ئایندهۆڤنی هۆڵەندی، پافۆسی قوبرسە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button