
یاریگا –
هەرچەندە دوای یارییەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لامین یامال سێشەممەی رابردوو مەشقەکانی لەگەڵ بارسێلۆنا دەستپێکردەوە، بەبێ ئەوەی هیچ مەترسییەک لەسەر جۆری پێکانەکەی هەبووبێت.
هەینی پشکنینی زیاتر بۆ یامال کرا و بەشداری مەشقەکانی نەکرد، دواتر دەرکەوت کە پێکانەکەی سووک نییە و لە زۆنی بەرگەدە (سەرووی کۆئەندامی زاوزێ) هەست بە ئازار دەکات.
بەگوێرەی پێشبینییەکان بێت، جیا لەوەی یامال بەشداری یاریی ئەمشەو بەرامبەر ڤالێنسیا ناکات، بەڵکو ئەستەمە بۆ یارییەکەی بەرامبەر نیوکاسڵ یونایتدیش لە چامپیۆنزلیگ ئامادەبێت.
هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا لە پرێس کۆنفڕانسی پێش یارییەکەی ڤالێنسیا نیگەرانی خۆی لە بڕیارەکانی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەربڕی و روونیکردەوە، هەرچەندە ئیسپانیا باشترینی جیهانە و بەردەوام گۆڵی زۆری کردووە، تێناگەم بۆچی زۆر یاریی بە یامال کرا.
رۆژنامەی سپۆرت ئاشکرایکردووە، یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا لە کاردانەوەی تووندی فلیک شۆک بووە، چونکە یامال هیچ باسی ئازار و یاریی نەکردنی نەکردبوو، بۆیە لویس دێلا فوێنتێ لە هەردوو یارییەکە بەشداری بە یامال کرد.
پێشتر فلیک راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بووە و تەواو لە پەیوەندی ناجێگیری نێوان هەڵبژاردە و یانەکان تێدەگات. هەرچەندە پێشتر کێشەیەکی ئەوتۆیان نەبووە، بەڵام ئێستا هەست دەکات بەباشی مامەڵە لەگەڵ یامال نەکراوە.
بارسا لە پشووی نێودەوڵەتی گورزێکی کوشندەی بەرکەوت، فرێنکی دی یۆنگ لەگەڵ هەڵبژاردەی هۆڵەندا تووشی پێکانبوو و کارلۆ ئانچێلۆتیش لە یارییەکی ‘یەکلاییکراوەدا’ لە بەرزییەکی زۆر بەشداری بە رافینیا کرد.