پەیامێکی هۆشداری لە ئانچێلۆتییەوە بۆ نێیمار
''دەبێ خۆت تەواو ئامادەبکەیت''

یاریگا –
کارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل هۆشدارییەکی توند ئاڕاستەی نێیمار دا سیلڤا دەکات.
نێیمار بانگهێشتی بۆ دوو یاریی رابردووی بەڕازیل لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 نەکرابوو، ئەمەش بەهۆی پێکانی ماسوولکەی پێی راستەی، بەڵام ئەمە هۆکاری سەرەکی نەبوو، بەڵکو دابەزینی ئاستی هونەری نێیمار، وایکردووە لە سامبا دووربخرێتەوە.
یاریزانی پێشووی بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان، لە ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی ساڵی 2023 تاوەکو ئێستا هیچ یارییەکی بۆ بەڕازیل نەکردووە، ئەمەش بەهۆی تووشبوونی بە پێکانێکی مەترسیدار و دواکەوتنی گەڕانەوە.
ئانچێلۆتی لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی ESPN دەڵێت؛
ئێمە سەیری یارییەکانی نێیمار ناکەین، چونکە هەموومان بەهرەمەندی ئەو دەزانین.
لە تۆپی پێی مۆدێرن، پێویستە دۆخی جەستەیی یاریزان زۆر باشبێت، تاوەکو بەباشترین شێوە تواناکانی دەربخات. ئەگەر دۆخی جەستەیی نێیمار باشبوو، ئەوا بێگومان بانگهێشت دەکرێت.
هەمووان دەیانەوێت دۆخی جەستەیی نێیمار باشبێت و بگەڕێتەوە یارییکردن. قسەم لەگەڵ کردووە و پێم گوتووە، کاتی تەواوت هەیە، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خۆت ئامادە بکەیت.
نێیمار بە دۆخێکی سەخت لەگەڵ سانتۆس تێدەپەڕێت، ئەمەش بەهۆی تووشبوونی بە پێکانی جیاواز.
بەڕازیل گەیشتووەتە مۆندیالی 2026 کە بڕیارە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا بکرێت، ئۆکتۆبەری داهاتووش، یارییەکی دۆستانە بەرامبەر کۆریای باشوور دەکات.