هۆکاری مانەوەی فێرمین لە بارسێلۆنا ئاشکرا دەکرێت
رۆژنامەی سپۆرت وردەکاری کۆبوونەوەی داخراوی نێوان فلیک و لۆپێز ئاشکرا دەکات

یاریگا –
دوای داخرانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان، وردە وردە نهێنییەکانی گواستنەوە و مانەوەی یاریزانان ئاشکرا دەبن.
فێرمین لۆپێز، ئەستێرەی لاوی بارسێلۆنا لە دوا رۆژی گواستنەوەکاندا، زۆر لە پەیوەندیکردن بە چێڵسی نزیکبوو، تەنانەت ئۆفەرەکەی بلووز ژیانی کەسی لۆپێز بەشێوەیەکی بەرچاو دەگۆڕی.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، لەگەڵ گەیشتنی ئۆفەرەکە، لۆپێز لەگەڵ هانزی فلیک، راهێنەری بارسا کۆبووەوە و کۆمەڵێک بابەتی یەکلاییکردەوە.
رۆژنامەکە نووسیویەتی؛ فێرمین لە کۆبوونەوەکەدا بە فلیکی گوتووە، ئۆفەرەکەی چێڵسی زۆر گەورەیە، بەڵام سەرباری ویستی مانەوە لە بارسێلۆنا، ئەگەر مەرجەکانی جێبەجێ نەکرێت، ئەوا دەچێتە لەندەن.
لۆپێز بەڕاشکاوی بە فلیک راگەیاندووە، ئەگەر هاوشێوەی وەرزی رابردوو، بەشداریکردنی کەمبێت، ئەوا دەستبەجێ ئۆفەرەکەی چێڵسی پەسند دەکات، هەر ئەمەش هۆکاری سەرەکی فێرمین بووە، تاوەکو بیر لە جێهێشتنی بارسا بکاتەوە.
لە وەڵامی داواکارییەکەی فێرمیندا، فلیک دووپاتیکردبووەوە، بەدرێژای ئەم وەرزە پشت بە تواناکانی دەبەستێت، بەڵام ناتوانێت هیچ دڵنیاییەک لەبارەی زیادبوونی خوولەکەکانی بەشداری پێبدات.
فلیک هۆکارەکەی بۆ توندبوونی رکابەری لەسەر شوێنی فێرمین گەڕاندووەتەوە، هەرچەندە ئەم قسانە زۆر فێرمینی رازی نەکرد، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاری مانەوەی لە بارسێلۆنادا.