کوردستانگرنگترین

دوای برایەتی دوو یانه‌ی دیكه‌ش له‌ خولی نایابی كوردستان كشانه‌وه‌

سێ یانە لە دوو رۆژ کشانەوە

Yariga App

یاریگا –

زەنگی مەرگ بۆ خولی نایابی کوردستان لێدرا و دوو یانه‌ی دیكه‌ش به‌شداری خولی نایابی كوردستان ناكه‌ن.

تەنها یەک رۆژ دوای بڕیارەكه‌ی یانەی برایەتی بە کشانەوە لە خولی نایابی کوردستان، برینێکی دیکەی قووڵتر لە جەستەی تۆپی پێی کوردستان درا، ئەمجارەیان دوو یانەی تر، هەڵۆ و رانیە، بەهەمان هۆکار، له‌ رێگه‌ی تۆڕی وه‌رزشی یاریگا ماڵئاوایی خۆیان لە رکابەرییەکانی خوله‌كه‌ راگەیاند.

خولی نایابی کوردستان، کە بڕیار بوو بە بەشداری 14 یانە دەست پێبکات، ئێستا لە بەردەم هەڕەشەیەکی راستەقینەدایە.

یانه‌ی رانیه‌: كێشه‌ی قوڵی داراییمان هه‌یه‌ و به‌شداری ناكه‌ین

یانه‌ی رانیه‌ كشانه‌وه‌ی له‌ خوله‌كه‌ راگه‌یاند و سه‌رۆكی یانه‌كه‌ش رایگه‌یاند چیتر ناچینە ژێر باری قەرز.

یانه‌كه‌ی دەڤەری راپەڕین، یەکێکە لەو یانانەی کە ساڵانێکە بە کەمترین توانای داراییەوە لە خولەکەدا جەنگاوە، بەختیار حەسەن، سەرۆکی یانەکە، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا، پەردەی لەسەر ئازارەکانی یانەکەی لادا:

“لە دوو وەرزی ڕابردوودا کێشەی قووڵی داراییمان هەبوو، قەرزێکی زۆر لەسەر یانەکە کۆبووەتەوە و ناتوانین بەم شێوەیە بەردەوام بین. بەڵێنی زۆرمان پێدراوە، بەڵام هیچیان جێبەجێ نەکراون. ئێمە چیتر ناچینە ژێر باری هیچ قەرزێکی دیکە و توانامان نەماوە، رایده‌گه‌نین به‌شداری خولی نایابی كوردستان ناكه‌ین.

سەرۆکی یانەکە تەنانەت ئاشکرایکرد کە لە 20ـی ئابی ڕابردووەوە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش کردووە، بەڵام قبوڵ نەکراوە،

هه‌ڵۆ خەونی سەرکەوتن بوو، به‌بێ یه‌ك یاری كشایه‌وه‌.

یانەی هەڵۆ، نوێنەری دەڤەری بارزان، ئەم یانەیە وەرزی ڕابردوو بلیتی سەرکەوتن بۆ خولی نایابی كوردستانی بەدەستهێنا، هاندەرانیان چاوەڕێی ئەوە بوون یانەکەیان لەنێو گەورەکاندا ببینن، بەڵام خەونەکەیان زوو کۆتایی پێهات.

ئەحمەد خەلیل، سەرۆکی یانەی هەڵۆ، بە کورتی و بەپوختی دۆخەکەی خستەڕوو:

“کێشەی داراییمان هەیە و بەڵێنی زۆرمان پێدرا، هیچی جێبەجێ نەکرا. بۆیە بە فەرمی ئێمە بەشداری خولی نایابی کوردستان ناکەین.”

بەم شێوەیە، یانەی هەڵۆ بێ ئەوەی یەک یاریش لە خولی نایابدا بكات، ناچار بە کشانەوە بوو.

خولێک بە 11 یانەوە؟ ئایندە بەرەو کوێ؟

بڕیارە وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان لە 22ـی تشرینی یەکەمی 2025 دەست پێبکات. بەڵام بە کشانەوەی برایەتی، هەڵۆ، و رانیە، ژمارەی یانەکان لە 14 یانه‌وه‌ بۆ 11 یانە کەمبووەتەوە، یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستانیش هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر داهاتوو خوله‌كه‌ باس نه‌كردووه‌.

چارەنووسی خولەکە:

کەمبوونەوەی ژمارەی یانەکان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاست و کوالێتی ڕکابەرییەکان دەبێت و فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستانیش هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر داهاتووی خوله‌كه‌ نه‌داوه‌.

بابەتی زیاتر

Back to top button