
یاریگا –
یانەی برایەتی لە خولی نایابی کوردستان کشایەوە!
لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراو یانەی برایەتی، یەکێک لە یانه دێرینهكانی كرودستان دێرین و هەولێر، بە فەرمی کشانەوەی خۆی لە وەرزی نوێی خولی نایابی تۆپی پێی کوردستان ڕاگەیاند
کارگێڕی یانەی برایەتی لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ، هۆکارەکانی پشت ئەم بڕیارە قورسەیان خستەڕوو. یانەکە، کە خاوەنی سەرجەم نازناوەکانی کوردستانە (خولی نایاب، جامی کوردستان، و جامی سوپەر)، بە ناچاری ماڵئاوایی لە ڕکابەرییەکانی ئەم وەرزە دەکات.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە:
بە نیگەرانییەوە بڕیارماندا بەشداری لە خولی نایابی ئەم وەرزە نەکەین. داوای لێبوردن لە هاندەران، خۆشەویستان، و یاریزانانمان دەکەین کە ناچاربووین ئەم بڕیارە بدەین.
هۆكاری كشانهوه:
هۆکاری سەرەکی ئەم کشانەوەیە، وەک یانەکە ئاماژەی پێداوە، نەبوونی سەرچاوەی داراییە. یانەی برایەتی كه شاڵاو كۆسرهت رهسول سهرۆكی فهخری یانهكهیه ساڵانێکی زۆرە بەبێ هیچ پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان بهشدار له خولهكه دهكات، یانەکە رایگەیاندووە: “سەرباری ئەوەی خاوەنی هیچ پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان نین، تاکو ئێستا هیچ پێشینەیەکمان لە حکومەت وەرنەگرتووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی بەیاننامەکە، هەندێک یانەی تر سەرەڕای بوونی پڕۆژەی وەبەرهێنانی تایبەت بە خۆیان، پێشینەی حکومەتیان وەرگرتووە. ئەم جیاوازییە لە مامەڵەکردن، ئازار و نیگەرانییەکانی یانە دێرینەکەی هەولێری قووڵتر کردووەتەوە.
یەکێک لە خاڵەكانی بەیاننامەکە، ئازادکردنی سەرجەم یاریزانانی تیپی پێشکەوتووان بوو.
یانەی برایەتی ڕایگەیاند کە یاریزانەکانی سەربەستن بۆ وەرزی داهاتوو پەیوەندی بە هەر یانەیەکی ترەوە بکەن. ئەمەش دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بۆ یانەکانی تر دەکاتەوە تا سوود لە توانای ئەستێرەکانی برایەتی وەربگرن.
لەگەڵ بریاری كشانهوه له خولهكه، یانهكه رایگهیاندووه، ئەمساڵ سەرنجی تەواوی دهخاته سەر تیپەکانی تازەپێگەیشتووان و لاوان.
له بهندی دووهم له خاڵی چوارهمی بڕیارهكانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان هاتووه، ههر یانهیهك بهشداری چالاكیهكانی فیدراسیۆن نهكات پلهیهك دادهبهزێت، به پێی ئهم بڕیاره بێت یانهی برایهت بۆ خولی پلهیهكی كوردستان دادهبهزێت.
مێژووی دامەزراندن
یانەی وەرزشیی برایەتی لە 20ـی ئازاری 1984 لە شاری هەولێر دامەزراوە. ئەم یانەیە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بووەتە یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی پێگەیاندنی وەرزشوانان لە پایتەخت. ناوێكی دیاری قهڵاو منارهیه.
نازناو و دەستکەوتەکان
یانەی برایەتی سهرجهم نازناوهكانی كوردستانی بهدهستهێناوه، گرنگترین نازناوەکانی یانەی برایەتی لەسەر ئاستی تیپی پێشکەوتووان بریتین لە:
پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان: یەک جار، لە وەرزی (2020-2021).
پاڵەوانی جامی کوردستان : یەک جار، لە وەرزی (2021-2022)
پاڵەوانی جامی سوپەری کوردستان: یەک جار، لە ساڵی (2022).
پاڵەوانی خولی پلە یەکی کوردستان: یەک جار، لە وەرزی (2013-2014) کە بەهۆیەوە سەرکەوت بۆ خولی نایاب.
جگە لەمانەش، یانەی برایەتی چەندین جار پلەکانی دووەم و سێیهمی لە خولی نایابدا بەدەستهێناوە، دیارترینیان بەدەستهێنانی پلەی دووەم بوو لە وەرزی (2017-2018).