
یاریگا –
یانەی دهۆک لە رێوڕەسمێکی گەورەدا، درێسی وەرزی 2025-26ی سەرجەم پاڵەوانیەتییەکان نمایشکرد.
تیمی هونەری یانەی دهۆک درێسی وەرزی رابردووی یانەکەیان ئەپگرەید کردووە و بە جارێکی دیکە بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش دیزاینیان کردووەتەوە.
درێسی نوێی یانەی دهۆک ئیلهامی لە چەندین بابەتی نەتەوەیی و مێژوویی وەرگرتووە، تێکەڵەیەکە لە مێژوو و داهاتووی گەلی کوردستان.
درێسی وەرزی نوێی دهۆک بە سێ رەنگ بۆ یاریزانان و چوار رەنگ بۆ گۆڵپارێزان دیزاینکراوە.

مانای هێماکان و نەخشەکان چییە؟
سێ هێمای سەرەکی لە درێسی وەرزی نوێی یانەی دهۆک بەدیدەکرێت و بریتین لە؛
- بە نووسینی بزماری ناوی کورد نووسراوە
– ئەکەدی و سۆمەرییەکان 3000 هەزار ساڵ پێش زایینی بە شێوازی بزماری هێما و نووسینیان نووسیوە. سۆمەرییەکان بۆ گەیاندنی مەبەستیان وێنە و ھێماکانیان بەکار دەھێنا و ئەو ھێمایانە بە پێنووسێکی لە قامیش دروستکراو، کە لە ڕووی شێوەوە نووکەکەی لە پوازک دەچوو، لەسەر تاتەقوڕ دەنووسران و پاش وشکبوونەوەی تاتەقوڕەکان ئەم ھێمایانە لە وێنەی بزمار دەردەکەوتن، ھەر بۆیە بەم شێوە نووسینە دەوترێت، نووسینی بزماری. - لە ناوەڕاستی درێسەکە خۆر نەخشێندراوە، وەکو پیرۆزترین سیمبووڵ لەلای کوردانی ئێزدی.
– کوردانی ئێزدی لە کاتی نوێژی رۆژانەیان، روو لە رۆژ (خۆر) دەکەن و نوێژەکانیان دەکەن. بەمەش یانەی دهۆک بە پیرۆزی سەیری رۆژ دەکات و لە ناوەڕاستی درێسەکە نەخشاندوویەتی. - دەرگای بادینان لە ئامێدی کۆکراوەی نەخشەکانی سەر درێسەکەیە.
– دەرگای ئامێدی بە دەرگای بادینانیش بەناوبانگە. دەرگایەکی بەردینی گەورە و شوێنەوارێکی مێژوویی و سەرەکی ئامێدییە. شارۆچکەی ئامێدی یەکێکە لەو شوێنانەی بەدرێژایی مێژووی نوێ بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە، شوێنێکی پارێزراو بووە و دەگای بادینان دیارترین خەسڵەتەکانی خۆپارێزی و دانەبڕانبووە لە ژیان. دەرگاکە لە سەردەمی دەوڵەتی زەنکی لە چەرخی 13ی زایینی دروستکراوە، دواتر لە سەردەمی ئیمارەتی بادینان بووە کۆڵەکەی دەوڵەتەکە.

درێسی سەرەکی دهۆک بۆ وەرزی 2025-2026

رەنگ و دروشم
رەنگی سەرەکی یانەی دھۆک زەرد و شینە، کە لە لۆگۆی یانەکە ئاماژەی پێکراوە. لۆگۆکە لە هەڵۆیەک پێکھاتووە و دروشمی یانەی دھۆک نیشان دەدات، کە هەڵۆی چیاکانە (ئەلهۆیێن چیا).
پڕۆژەکانی ساڵی داهاتووی یانەی دهۆک
عەبدوڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق شەفافانە باسی لە داهاتی یانەکەی کرد.
سەرۆکی یانەی دهۆک روونیکردەوە، داهاتی یانەی دهۆک لە وەرزی رابردوودا بریتییە لە یەک ملیار و 161 ملیۆن دینار (3.4 ملیۆن دۆلار).
لەبارەی پڕۆژەکانی داهاتووی یانەکە، سەرۆکی دهۆک دووپاتیکردەوە، بڕیارە لەسەر رووبەری 8000 مەتردووجا چەند گۆڕەپانێکی تێنسی سەر زەوی و پادڵ دروست بکرێن.
لەلایەکی دیکەوە، فرۆشگایەکی ناوازە بۆ فرۆشتنی کەلوپەلی تایبەت بە یانەی دهۆک لەسەر رووبەری 150 مەتر دووجا دروستدەکرێت.
یانەی دهۆک ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاندەران دەکات، تاوەکو بلیتی یاریی و درێسی یانەکانیان بەدەستبگات، ئەمەش لەڕێگەی ئەپڵیکەیشنێکی تایبەت کە ئێستا بەردەستە.
مێژووی یانەی دهۆک
یانەی دهۆک لە ساڵی 1970 دامەزراوە و یەکێکە لە یانە دێرینەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق.
دهۆک لە وەرزی 2009-2010 بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا بووە پاڵەوانی خولی نایابی عێراق (ئەستێرەکانی عێراقی ئێستا). لە ساڵی 2011 گەیشتە قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی یەکێتیی ئاسیا.
وەرزی رابردوو بووە پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، کە ئەمە دەستکەوتێکی گەورەی کوردستانی و عێراقی بوو، کاتێک لە یاریی کۆتایی لە قادسییەی کوێتی بردەوە.
لەسەر ئاستی ناوخۆی وەرزی رابردووشدا، یانەی دهۆک بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، نازناوی جامی عێراقی بەدەستهێنا.