
یاریگا –
ئامادەکارییەکانی بارسێلۆنا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤالێنسیا گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا یاریگای یارییەکە یەکلایی نەکراوەتەوە، بەڵام یارییەکە یەکشەممە دەکرێت و مەشقەکانی بارساش بەردەوامن.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، گاڤی و فرێنکی دی یۆنگ لە یارییەکە دوورنەخراونەتەوە، هەرچەندە تووشی پێکانیشبوون.
ئەمڕۆ دووشەممە پشکنینی زیاتر بۆ هەردوو یاریزانەکە دەکرێت و ئامادەییان بۆ یاریی داهاتوو بەرامبەر ڤالێنسیا، پەیوەستە بە هەڵسەنگاندنی تیمی پزیشکی.
گاڤی هەینی رابردوو لە مەشقەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا هەستی بە ئازارێکی زۆر کرد، رۆژی دواتر هەموو وردەکارییەک لەگەڵ بارسێلۆنا باسکران.
گاڤی هەست بە ئازاری ئەژنۆ دەکات، بەڵام تیمی پزیشکی بارسێلۆنا هیچ وردەکارییەکی لەبارەی ئاستی مەترسی پێکانەکە ئاشکرا نەکردووە، بەڵکو روونیکردووەتەوە، پێکانەکە لەژێر سەرپەرشتی پزیشکیدایە و لە دۆخی هەڵسەنگاندنداین.
لەلایەکی دیکەوە، دی یۆنگ یاریی هەڵبژاردەی هۆڵەندای بەرامبەر هەڵبژاردەی پۆڵەندا تەواو نەکرد و لە خوولەکی 83ی یارییەکە گۆڕانکاری پێکرا و کوێنتینی تیمبەر شوێنیگرتەوە.
فرێنکی ئازاری لە سمتەماسوولکە هەیە و نەیتوانی یارییەکە تەواو بکات، رۆژی دواتر فرێنکی گەڕایەوە بارسێلۆنا و پشکنینی تەواوی بۆکراوە، بەڵام ئەنجامەکەی ئاشکرا نەکراوە.
هەردوو یاریزانەکە ئەمڕۆ لە بارەگای یانەکە بیندراون و میدیاکان چاوەڕێی راپۆرتی پزیشکی یانەکەن.