عێراقکوردستانگرنگترین

کۆبوونەوە چارەنووسسازەکەی یانەی نەورۆز دەستیپێکرد

لەم کۆبوونەوەیەدا هەموو شتێک لەبارەی چارەنووسی یانەکەی شاری هەڵمەت و قوربانی یەکلاییدەبێتەوە

Yariga App

یاریگا –

کەمێک پێش ئێستا، کۆبوونەوەی چارەنووسسازی دەستەی باڵای یانەی نەورۆز دەستیپێکرد.

تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، کۆبوونەوەکە بە بەشداری بەرپرسانی باڵای یانەکە دەستیپێکردووە. ئامانجی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی تەواوی بژاردەکانی بەردەوامبوونی یانەی نەورۆزە.

سەرچاوەیەکی باڵا و ئاگادار لە دۆخی یانەی نەورۆز بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاندووە، دۆخی نەورۆز لەڕووی داراییەوە زۆر قورسە و بەمشێوەی ئێستا ناتوانن بەشداری لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بن.

ئەوەی تاوەکو ئێستا روونە، نەورۆز ناتوانێت بەشداری لە یارییەکانی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق بکات، کە تەنیا یەک هەفتە بۆ دەستپێکردنی ماوە.

نەورۆز پێویستی بە پاڵپشتی داراییە و بەهۆی رووداوەکانی 22ی ئابی سلێمانی و دەستگیرکردنی کاک لاهور شێخ جەنگی، داهاتووی یانەکە بەتەواوی نادیارە و ئێستا بە توونێلێکی تاریکدا تێدەپەڕن.

نەورۆز دەبێ بوودجەیەکی تەواوی لەبەردەستدا بێت، تاوەکو بتوانێت بەشداری لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بکات. ئەوەی ئێستا هەیە نەورۆز دەکشێتەوە و بەفەرمی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ئاگادار دەکاتەوە.

ئەمڕۆ یانەی نەورۆز بڕیارێکی گرنگ دەدات

چی دەزانین؟

دوای رووداوەکانی 22ی ئاب/ئۆگەستی رابردووی شاری سلێمانی و دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی یانەی نەورۆز، گومانێکی زۆر لەسەر داهاتووی یانەکە دروستبوو.

چەند رۆژێک بەر لە رووداوەکانی سلێمانی، یانەی نەورۆز گرێبەستی چەند ئەستێرەیەکی نوێکردەوە، هەروەها چەند یاریزانێکی بیانی گواستووەتەوە ریزەکانی، هیوایەکی زۆر بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی گەورە لە وەرزی نوێدا هەبوو.

یانەی نەورۆز لە مێرکاتۆی هاوینەی یاریزاناندا، گرێبەستی لەگەڵ 15 یاریزانی نوێ واژۆکردووە و گرێبەستی شەش یاریزانیشی نوێکردەوە. نەورۆز گرێبەستی 17یشی نوێنەکردەوە.

مێرکاتۆی یاریزانانی هاوینی 2025ی یانەی نەورۆز

نەورۆز یەکێکە لە دیارترین یانەکانی عێراق و کوردستان، یانەکە لە ساڵی 1994 بە ناوی یانەی ئەزمەڕ دامەزرا، دواتر لە ساڵی 2008 لەگەڵ یانەی کەمال سەلیم یەکیانگرتەوە و ناوەکەی کرایە نەورۆز. یانەکەی شاری هەڵمەت و قوربانی خاوەنی یەکێک لە جوانترین یاریگاکانی عێراقە و بە ئانفیڵدەکەی کوردستان ناوبانگی دەرکردووە.

نەورۆز لە 3ی یۆلیۆ/تەمووزی ساڵی 2021 بۆ یەکەمجار لە مێژوودا گەیشتە خولی ئەستێرەکانی عێراق. لە وەرزی رابردوودا بەکۆکردنەوەی 53 خاڵ پلەی نۆیەمی بەدەستهێنا.

بابەتی زیاتر

Back to top button