شۆڕشی AI؛ ریال مەدرید هەنگاوێکی هاوچەرخ بۆ خۆپارێزی لە پێکان دەنێت
ریال مەدرید سوود لە ژیری دەستکرد دەکات

یاریگا –
ریال مەدرید لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا بە هۆی زۆری پێکانەوە رووبەڕووی کێشەی گەورە بووەوە، پێکانەکان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئەنجامی وەرزەکە هەبوو.
پێکان و گرژبوونی بەردەوامی ماسوولکەی بەشێکی زۆری یاریزانان، ریال مەدریدی ناچار بە گۆڕانکاری گەورە کرد. دوای کۆنتڕۆڵ نەکردنی دۆخەکە، دەستەی کارگێڕی بڕیاری دوورخستنەوەی ستافی پزیشکی یانەکەیدا.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، دوای دوورخستنەوەی ستافی پزیشکی یانەکە، ریال مەدرید پلانێکی نوێ و فراوانی بۆ کەمکردنەوەی پێکان و دەستنیشانکردنی هۆکارەکان جێبەجێکردووە.
بەهۆی زیادبوونی ژمارەی یارییەکان و گۆڕانی بەردەوامی شێوازی مەشقەکان، مەترسی پێکان لەسەر یاریزانان زۆر زیادبووە، بۆیە ریال مەدرید پلانێکی نوێ پەیڕەو دەکات و چاوی لە کەمکردنەوەی پێکان و باشترکردنی دۆخی جەستەیی یاریزانانە.
بۆ جێبەجێکردنی پلانەکەی، ریال مەدرید تەواو پشت بە ژیری دەستکرد بەستووە.
لە دەیەی رابردوودا، یانەکان پشتیان بە چەندین ئامرازی جیاوازی تەندروستی و GPSی تایبەت دیزاینکراو بۆ یاریزانان دەبەست، بەڵام ئێستا سەردەمی ژیری دەستکرد و ریال مەدرید بە ئاسانترین و خێراترین شێوە، هەموو شتێک شیدەکاتەوە.
بەگوێرەی سیستمە نوێیەکە بێت، پڕۆفایڵی تایبەت بۆ هەموو یاریزانان دروستدەکرێت و لە کاتی بوونی مەترسیی بۆ پێکان یاخود گرژبوونی ماسوولکەی یاریزانێک دروست دەبێت، راستەوخۆ تیمی تایبەت بە نۆتیفیکەیشن ئاگادار دەکرێنەوە.
بەگوێرەی قۆناخی تاقیکاری بێت، تیمی پزیشکی یانەکە لە سیستمی ژیری دەستکرد رازین و دەتوانن تاڕادەیەک باش، رێگری لە پێکان یاخود شەکەتکردنی ماسوولکەکانی یاریزانان بگرن.
سیستمەکە لە چەندین بەشی جیاواز پێکهاتووە؛
BIA
بەشی BIA؛ شیکاری تەواو بۆ لایەنی بەرگری و خێرایی کاردانەوە دەکات. ئەم بەشە کار لەسەر زوو دەستنیشانکردنی شەکەتی، هەوکردن یان پێکانی ماسوولکە شاراوەکان دەکات.
هەندێکجار، یاریزانەکە خۆی هەست بە پێکانی ناوەکی ناکات، بەڵام بەپشت بەستن بەم سیستمە، ئیتر هەموو شتێک روون و ئاشکرا دەبێت.
رۆژانە بەشی BIA پلەی گەرمی یاریزان، فشاری خوێن، لێدانی دڵ دەخاتە پڕۆفایڵی یاریزانەکە و تیمی تایبەتمەند شیکاری بۆ دەکەن.
مێتابۆڵیزم ‘زیندەپاڵی’
لەم بەشەی ژیری دەستکردی ستافی پزیشکی ریال مەدرید، پشکنینی ورد و بەردەوام بۆ زیندەپاڵی ‘مێتابۆڵیزم’ی یاریزانان دەکرێت.
شیکارییەکە لەڕێی وەرگرتنی نموونەی میز و خوێن دەبێت. لە دوای هەر راهێنان و یارییەک، دەتواندرێ بەم رێگەیە، مێتابۆڵیزمی یاریزانەکە بزاندرێت و زانیاری تەواو لەسەر پڕۆسە تەندروستییەکانی نێو جەستەی یاریزانەکە دەستنیشان دەکرێت.