
یاریگا –
خەریکە وادەی گەڕانەوەی جود بێڵینگهام نزیکدەبێتەوە و ئەستێرە ئینگلیزییەکە قۆناخێکی نوێی ئامادەکارییەکان دەستپێدەکات.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، بێڵینگهام لەم دوو رۆژەدا، ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی نوێ خێراتر دەکات و لەوانەیە مەشقی بە کۆمەڵیش لەگەڵ یاریزانان دەستپێبکات.
دوای چوار رۆژ لە پشوو، سبەی دووشەممە، ریال مەدرید مەشقەکانی دەستپێدەکاتەوە و پێشبینیدەکرێت، بێڵینگهامیش لە گۆڕەپانی مەشقەکان ببینین.
رۆژنامەکە جەختیکردووەتەوە، بێڵینگهام لەسەر رێچکەیەکی دروست دەگەڕێتەوە و تاوەکو ئێستا هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نەبووە.
54 رۆژە بێڵینگهام نەشتەرگەری بۆ شانی کردووە. بێڵی لە دوای بەشداریکردنی لە مۆندیالی یانەکان، دوای هەفتەیەک نەشتەرگەری کرد و پێشبینی سێ مانگ دوورکەوتنەوەی لە یاریگاکان کرابوو.
بەگوێرەی پلانی چاکبوونەوەی بۆی داندرابوو، لەوانەیە بێڵینگهام لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو، بەشداری یارییەکانی کەتیبەکەی چابی ئاڵۆنسۆ بکات.
ئاڵۆنسۆ بڕیاریداوە، هیچ ریسکێک ‘مەترسییەک’ بە بێڵینگهام نەکەن، بەڵکو دەبێ یاریزانە ئینگلیزییەکە بەتەواوی ئامادەبێت، ئینجا بڕیاری بەشداری پێکردنی لە یارییەکان دەدرێت.