
یاریگا –
ڕاپۆرتی کۆبوونەوەی ئاسایی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان
لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا یەکێتی تۆپی پێی کوردستان چەندین بڕیار و ڕاسپاردەی گرنگی بۆ وەرزی نوێی خولەکانی کوردستان (2025-2026) دەرکرد.
خاڵە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە:
- پشکنینی یاریگاکان: دوو لیژنەی تایبەت (تەڕاخیس) پێکهێنران بۆ پشکنین و هەڵسەنگاندنی یاریگای یانە بەشداربووەکانی خولی نایابی کوردستان.
- لیژنەی یەکەم: تایبەتە بە یاریگاکانی پارێزگای سلێمانی، دەڤەری ڕاپەڕین و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان.
- لیژنەی دووەم: تایبەتە بە یاریگاکانی پارێزگای هەولێر، دهۆک، زاخۆ و ئاکرێ.
- سەردانی لیژنەکان بۆ یاریگاکان لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، ڕێکەوتی 9 و 10ـی ئەیلوولی 2025 دهكرێت.
- دەستنیشانکردنی سەرپەرشتیاران: لیژنەیەک پێکهێنرا بۆ هەڵبژاردن و دیاریکردنی سەرپەرشتیارانی یارییەکانی خولی نایابی کوردستان بۆ وەرزی نوێ.
- پێداچوونەوە بە سزاکان: لیژنەیەکی تایبەت ڕاسپێردرا بۆ پێداچوونەوە بە سەرجەم ئەو سزایانەی کە لە ڕابردوودا بەسەر یانە، راهێنەر، یاریزان، کارگێڕ و هاندەراندا سەپێنراون.
- یاریی رێزلێنان: بڕیاردرا دوو هەڵبژاردە لە یاریزانە دێرینەکانی کوردستان پێکبهێنرێت. ئەم دوو هەڵبژاردەیە لە یارییەکی نمایشیدا ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، کە پێش دەستپێکردنی یاریی جامی سوپەری کوردستان لە 17ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە یاریگای نەورۆز بەڕێوەدەچێت، ئامانج لەم یارییە ڕێزلێنانە لەو یاریزانانەی کە پێشتر لە هەڵبژاردەی کوردستان یارییان کردووە.
- نوێنەرایەتی لە ئەوروپا: لیژنەیەک دیاریکرا بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لە کیشوەری ئەوروپا.