
یاریگا –
ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەمریکا، بە توندی هێرش دەکاتە سەر بارسێلۆنا و جارێکی دیکە ئارەزووی خۆی بۆ سەرکردایەتی کردن بە ریال مەدرید نیشاندا.
ناوی پۆچیتینۆ لە قۆناخە جیاکانی راهێنەرایەتیدا بە ریال مەدرید گرێدراوە. ئەم راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە کە راهێنەری ساوسهامپتۆن و تۆتنهام و پاریس سانجێرمان و چێڵسی بووە، بەشداری بەرنامەی “لی کافلیتۆ”دا کرد.
پۆچێتینۆ دەڵێت:
گەر بگەڕێمەوە و لە ئەرجەنتین لە کێڵگەکەمدا جوتیاری بکەم پێم باشترە لەوەی ببمە راهێنەری بارسێلۆنا. خەڵکی هەمیشە لێم دەپرسن ئەگەر رۆژێک بارسا ئۆفەرێکت بۆ پێشکەش بکات، تۆ چی دەڵێیت؟ منیش پێیان دەڵێم راهێنەرایەتی بارسێلۆنا ناکەم.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت:
هەمووکات هەوڵدەدەم روونکردنەوە بدەم و کەس توڕە نەکەم… دەڵێن بارسا زیاترە لە یانەیەک، ئەوە مانای چییە؟ کە دەبێت منداڵان بە هەندێک بیرۆکە مێشکیان بشۆردرێتەوە؟ من پێموایە بارسێلۆنا لەم بارەیەوە هەڵەیە، هەموو تیپێکی تۆپی پێ خاوەنی کلتوری خۆیەتی و بارسا یانەیەکی گەورەیە، بەڵام ئیسپانیۆل زۆر لە بارسێلۆنا سەربەخۆتر و کاتالۆنیترە.
💥 “El @RCDEspanyol es MUCHO MÁS CATALÁN que el BARÇA”.
☕️ Pochettino, sin pelos en la lengua en ‘El Cafelito’ de @jpedrerol.
🍿 Este jueves, entrevista completa en todas las plataformas a las 15:30h. pic.twitter.com/BfFtY1CHx3
— El Chiringuito TV (@elchiringuitotv) September 4, 2025
راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە درێژەی بە گفتوگۆکانی دا و باسی لە نزیکبوونەوەی دووبارەی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید کرد. دانی بەوەدانا کە وەک یاریزانێک دەرفەتێکم بۆ رەخسا بچمە ریال مەدرید بەڵام ئەوە رووی نەدا، وەک راهێنەریش چەند دەرفەتێکم بۆ رەخسا بەلام نەبوو، هەندێک جار ئەم شتانە لە تۆپی پێدا روودەدەن.
پێدرۆل پرسیاری لە پۆچیتینۆ کرد کە ئایا دانیێل لیڤی سەرۆکی تۆتنهام رێگر بووە لەوەی پەیوەندی بە ریال مەدرید نەکات، گوتی:
نازانم چیرۆکەکە بگێڕمەوە یان نا… زێدان لە ریال دەڕۆیشت و لۆژیکی بوو من راهێنەرایەتی مەدرید بگرمە ئەستۆ ، بێگومان راهێنەری دیکەش هەبوون، بەڵێنم بە لیڤی دابوو کە بمێنمەوە تا یاریگا نوێیەکەی تۆتنهام تەواو دەبێت، لەو ساتەدا پێم گوت ئەگەر پێرێز داوابکات دەچمە مەدرید.
پۆچیتینۆ کە لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2019 راهێنەری تۆتنهام بووە، دواتر لە ساڵی 2021 بۆ ماوەی وەرزێک سەرکردایەتی پاریس سانجێرمانی کرد و نازناوی خول و جامی سوپەری فەڕەنسا و جامی فەڕەنسای لەگەڵ ئەم یانەیە بەدەستهێنا. دواتر پەیوەندی بە چێڵسییەوە کرد و لە دوای وەرزێک لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە و ئێستاش راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئەمریکا دەکات.