ئاسیاعێراقکوردستانگرنگترین

پێش دەستپێکی وه‌زری نوێ ناکۆکی و ئاڵۆزی باڵ بەسەر خولی ئەستێرەکاندا دەکێشێت

دواخستنی یاریی سوپەر و کێشەی تیروپشک دوو کێشەی گەورەی خولی عێراقن

Yariga App

یاریگا –

تەنها چەند رۆژێکی کەم ماوە بۆ دەستپێکی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هێشتا تەمومژێکی چڕ باڵی بەسەر چۆنیەتی دەستپێکردنی خولەکەدا کێشاوە.

بەپێی به‌دواداچوونی یاریگا،  ناکۆکی و پێشنیاری جیاواز بوونەتە هۆی ناڕوونی لە چارەنووسی تیروپشک و یارییەکانی گەڕی یەکەم، ئەمەش نیگەرانی و ناڕەزایەتی بەشێک لە یانەکانی لێکەوتووەتەوە.

کێشەی سەرەکی: تیروپشک بکرێت یان نا؟

بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی یاریگا، یەکێتی تۆپی پێی عێراق لەبەردەم دوو بژاردەی سەختدایە بۆ دەستپێکردنی خولەکە کە بڕیارە لە 13ی ئەیلوول ركابه‌رییه‌كانی وه‌رزی نوێ دەست پێبکات:

  1. پێشنیازی یەکێتی تۆپی پێی عێراق: به‌رێوه‌چوونی یارییەکانی گەڕی یەکەم بەبێ تیروپشک، لەم حاڵەتەدا یەکێتییەکە خۆی رووبەڕووبوونەوەکان دیاری دەکات، هۆکاری ئەم پێشنیازە ئەوەیە کە یانەکانی شورتە و زەورا بەهۆی بەشداریکردنیان لە پاڵەوانێتییەکانی یانەکانی ئاسیا ناتوانن لە گەڕی یەکەمدا یاری بکەن، بۆیە یارییەکانیان دوادەخرێت و یارییەکانی تری گەڕەکە ده‌كرێت، پاشان تیروپشک بۆ گەڕەکانی دواتر دەکرێت.
  2. داواکاریی یانەکان: بەشێکی زۆری یانەکان، بەپێی زانیارییەکان، بە توندی دژی ئەم پێشنیازە وەستاونەتەوە، ئەوان پێیان وایە به‌رێوه‌چوونی یاری بەبێ تیروپشک بنەمای یەکسانی و دادپەروەریی کێبڕکێ تێکدەدات، یانە ناڕازییەکان داوا دەکەن کە پێویستە پێش دەستپێکی وەرز، تیروپشک بۆ تەواوی وەرزەکە بكرێت، تاوه‌كو هەموو یانەیەک خشتە و رێڕەوی یارییەکانی خۆی بزانێت، تەنانەت ئەگەر یاریی هەندێک یانەش دوابخرێت.

دواخستنی جامی سوپەر: شورتە و دهۆک چاوەڕێن

لەلایەکی دیکەوە، بەپێی زانیارییەکانی یاریگا یاریی جامی سوپەری عێراق کە بڕیار بوو لە نێوان شورتەی پاڵەوانی خول و دهۆکی پاڵه‌وانی جام بكرێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەکەوێتە دوای دەستپێکی وەرزی نوێ.

بەهۆی نزیکیی وادەی دەستپێکی خول كه‌ بڕیاره‌ له‌ 13ـی ئەیلوول وه‌رزی نوێ ده‌ست پێبكات، كه‌مپی مه‌شقی یانه‌ی شوڕته‌ له‌ تونس و  پابەندبوونە ئاسیاییەکانی یانەی شورتە، دۆزینەوەی کاتێکی گونجاو بۆ ئەم یارییە لوتکەییە بووەتە کارێکی ئەستەم.

به‌ پێی زانیارییه‌كانی یاریگا له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، یه‌كێتیه‌كه‌ فشارێکی زۆری له‌سه‌ره‌، بۆ ئەوەی خولەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دەست پێبکات، بەڵام لە هەمان کاتدا نایەوێت کێشە لەگەڵ یانە ناڕازییەکان دروست بکات، سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی به‌ یاریگا گوت، ئەگەر ناکۆکییەکان چارەسەر نەکرێن، لەوانەیە دەستپێکی خولەکە بۆ ماوەیەکی کورت دوابخرێت تاوه‌كو تیروپشک ده‌كرێت، هەرچەندە یەکێتییەکە تاوه‌كو ئێستا سوورە لەسەر ئه‌و واده‌ی دیاریكردووه‌ و خوله‌كه‌ له‌ كاتی خۆیدابكرێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button