ئه‌مریکاجیهانگرنگترین

دادگای به‌رازیل چاره‌نووسی رۆبینیۆی یه‌كلاییكرده‌وه‌

تیمی یاسایی رۆبینیۆ هه‌وڵه‌كانیان بێسوود بوو

Yariga App

یاریگا –

دادگای به‌رازیل تانه‌ی رۆبینیۆی ئه‌ستێره‌ی پێشووی هه‌لبژارده‌ی به‌رازیل و یانه‌ی ریال مه‌دریدی له‌باره‌ی ئازادكردنی ره‌تكرده‌وه‌.

تۆڕی سی ئێن ئێنی به‌رازیلی رایگه‌یاند، دادگای باڵای بەڕازیل، جارێکی تر داواکاریی تانەگرتنی رۆبینیۆ، ئەستێرەی پێشووی یانەی ریاڵ مەدرید و هەڵبژاردەی بەڕازیلی رەتکردەوە و بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ماوەی نۆ ساڵ هێشتەوە، ئەم بڕیارە کۆتایی بە هەوڵە یاساییەکانی یاریزانەکە دەهێنێت بۆ خۆدەربازکردن لە سزاكه‌ی.

رۆبینیۆی تەمەن 41 ساڵ، لە ساڵی 2017 لە ئیتاڵیا بە تۆمەتی بەشداریکردن لە دەستدرێژییەکی بەکۆمەڵ بۆ سەر خانمێکی ئەلبانی، کە یادی 23 ساڵەی لەدایکبوونی لە یانەیەکی شەوانەی شاری میلانۆ لە ساڵی 2013 دەکردەوە، سزا درا.

ئه‌وكات رۆبینیۆ یاریزانی یانەی ئەی سی میلان بوو، دوای چەندین قۆناخی دادگایی، دادگای ئیتاڵیا لە کانوونی دووەمی 2022دا بڕیارەکەی بە شێوەی کۆتایی پەسەند کرد.

بەهۆی ئەوەی بەڕازیل هاوڵاتییانی خۆی رادەستی وڵاتانی تر ناکات، ئیتاڵیا داوای کرد سزاکە لە بەڕازیل جێبەجێ بکرێت، دوای چەندین دانیشتنی دادگا، دواجار دادگای باڵای بەڕازیل لە مانگی ئازاری 2024 بڕیاریدا کە رۆبینیۆ دەبێت لە وڵاتی خۆی سزا بدرێت، هەر لەو کاتەوە، یاریزانەکە لە زیندانی “تریمێمبێ” کە نزیکەی 150 کیلۆمەتر لە ساوپاولۆ دوورە، دەستبەسەرە.

تۆڕه‌كه‌ ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌، تیمی یاسایی رۆبینیۆ، کە به‌رده‌وام جەختیان لەسەر بێتاوانیی یاریزانەکە کردووەتەوە، داوایەکی نوێیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە پێشکەش کرد. بەڵام دادگای باڵای بەڕازیل بە زۆرینەی دەنگ به‌ 10 دەنگ بەرامبەر به‌یه‌ك دەنگ داواکارییەکەی رەتکردەوە.

دادوه‌ر لویز فوکس رایگەیاند، داواکاریی بەرگری نالۆژیکییە، دادگای باڵا بە ڕوونی رایگەیاندووە کە ئەو بنەمایانەی بەرگری پشتی پێ بەستووە، لەم کەیسەدا جێبەجێ ناکرێت

رۆبینیۆ، کە جگە لە ڕیاڵ مەدرید و ئەی سی میلان، یاری بۆ یانەکانی سانتۆس و مانچێستەر سیتیش کردووە، لە ساڵی 2020 بە ناچاری وازهێنانی له‌ یاریكردن راگه‌یاند

بابەتی زیاتر

Back to top button