
یاریگا –
بازرگانێکی بەڕازیلی لە وەسیەتنامەیەکی فەرمی بڕیاریدا سەروەت و سامانەکەی بۆ نێیمار جێبهێڵێت.
بازرگانێکی تەمەن 31 ساڵ لە ویلایەتی رۆ گراندی دو سول لە بەرازیل وەسیەتنامەیەکی لە دادنوس تۆمارکردووە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە سەروەت و سامانەکەی کە بە یەک ملیار دۆلار دەخەملێنرێت پێشکەش بە نێیمار دا سیلڤای ئەستێرەی تۆپی پێی وڵاتەکەی دەکات.
ئاژانسی هەواڵی GZH بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەڵگەنامە یاساییەکە لە 12ی حوزەیرانی 2025 بە فەرمی نوسراوە و واژۆ کراوە کە میراتەکەی بۆ نێیمار جێدەهێڵێت، لەوانە خانووبەرە و پشکەکانی کۆمپانیاکەی. ئەو بازرگانە لە وەسیەتنامەکەی ئاماژەی بەوە کردووە کە ناوی ئاشکرا نەکرێت، سەبارەت بە بڕیارەکەی بۆ جێهێشتنی سەروەت و سامانەکەی بۆ ئەو ئەستێرەیە دەڵێت:
من نێیمارم خۆشدەوێت، هەست دەکەم زۆر لێیەوە نزیکم، کەسێکی خۆپەرست نییە، ئەمەش لەم رۆژانەدا دەگمەنە.
ئەم بازرگانە کێشەیەکی تەندروستی هەیە و رەنگە تەمەنی درێژ نەبێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارە بڕیاریداوە بەر لە مردنی میراتەکەی بۆ ئەستێرە بەڕازیلییەکە جێبهێڵێت.