
یاریگا –
دانیێل ناردیێلۆ، یاریزانی پێشووی مانچێستەر یونایتد نهێنییەکی سەیری سێر ئالێکس فێرگسن، راهێنەری پێشووی یانەکە ئاشکرا دەکات.
یاریزانە وێڵزییەکە لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەی دەیلی ستار ئاشکرایکردووە، هەر یاریزانێک نەیزانیبایە خواردن ئامادە بکات، فێرگسن رێگەی نەدەدا خانوو بۆخۆی بکڕێت.
ناردیێلۆ دەڵێت کاتێک لە تیپی لاوانی مان یونایتد بووم فێگسن بە تواناکانم سەرسام بوو، بڕیاریدا گرێبەستێکی سێ وەرزەم لەگەڵ واژۆ بکات و پەیوەندیم بە تیپی یەکەمی یانەکە کرد، کاتێک گرێبەستەکەم واژۆکرد حەزمکرد خانویەکی خۆمم هەبێت، بەڵام بەگوێرەی یاساکان دەبوو رێگەپێدان وەربگرم.

هێرشبەرەکەی پێشووی مانچێستەر دەڵێت چوومە ئۆفیسەکەی فێرگسن و پرسیم دەتوانم خانویەک بکڕم؟ فێرگسن پرسی دەتوانیت خواردن ئامادە بکەیت؟ منیش گووتم نەخێر، پێیگووتم تاوەکو خۆت فێری دروستکردنی خواردن نەکەیت بۆت نییە خانوو بکڕیت.
بۆیە لەسەر داوای فێرگسن بۆ ماوەی سێ مانگ و هەفتەی دوو جار لەلای چێشتلێنەرەکەی کارینگتن “شوێنی مەشقەکانی یانەکە” خۆم فێری دروستکردنی خواردن دەکرد و خواردنمان بۆ یاریزانەکان ئامادە دەکرد، پاش سێ مانگ جارێکی دیکە چومەوە ئۆفیسەکەی فێرگسن و گووتم ئێستا دەتوانم خانوو بکڕم؟ ئەوکات فێرگسن رێگەی پێدام و خانوویەکم بۆخۆم کڕی.
دانیێل ئاماژەی بەوەش کردووە، فێرگسن زۆر خەمی یاریزانەکانی بوو، دەویست دڵنیابێت لەوەی دەتوانین گرنگی تەواو بە خۆمان و خێزانەکانمان بدەین، بۆیە لە هەموو روویەکی ژیانمانی دەکۆڵییەوە و گرنگییەکی تەواوی پێدەداین.
دانیێل باسی لەوەش کردووە، سەرەڕای ئەوە هێشتا نەبووە چێشتلێنەرێکی باش و خواردنەکانی بەتام نەبوو، باسی لەوەش کردووە لە مانگی هەنگوینی خواردنی بۆ هاوژینەکەی ئامادەکردووە، بەڵام هاوژینەکەی بەدڵی نەبووە و داوای لێکردووە جارێکی دیکە خواردنی بۆ ئامادە نەکات.
دانیێل ناردیێلۆ بەپێچەوانەی پێشبینییەکان لەگەڵ مانچێستەر یونایتد سەرکەوتوو نەبوو، بەدرێسی تیپی یەکەم بەشداریی تەنیا چوار یاریی کرد و لە هاوینی 2005 بە یەکجاری یانەکەی جێهێشت و پەیوەندی بە بارنسلی کرد. لە هاوینی 2017 بەیەکجاری وازی لە یاریکردن هێنا.