ئانتۆنی هۆکاری رەتکردنەوەی بایرن میونشن ئاشکرا دەکات
پێنج ئۆفەری فەرمی پێگەیشتبوو

یاریگا –
ئانتۆنی دوای پەیوەندیکردنی بە ریال بێتیس، نهێنییەکی ئاشکراکرد.
ئانتۆنی لەدوا رۆژی گواستنەوەکاندا بەتەواوی مانچێستەر یونایتدی جێهێشت و بەبڕی 21 ملیۆن پاوەند پەیوەندی بە ریال بێتیس کرد و گرێبەستێکی بۆ ماوەی پێنج ساڵ واژۆکردووە.
ئانتۆنی کێشەی قووڵی لەگەڵ روبن ئامۆریم، راهێنەری مانچێستەر یونایتد هەبوو، تەنانەت وایلێهات لە مێرکاتۆی زستانەی 2025 بەخواستن پەیوەندی بە بێتیس بکات و نیو وەرزێکی ناوازەی پێشکەشکرد.
یاریزانی 25 ساڵان دووپاتیدەکاتەوە، چەندین یانەی ئەوروپی ئۆفەرییان پێشکەشکرد، لەوانە بایرن میونشن، بەڵام بڕیاریدا یاریی بۆ بێتیس بکات.
لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی ئێل پارتیدازۆ، ئانتۆنی دەڵێت؛
قسەم لەگەڵ بایرن میونشن کرد، بەڵام نازانم ئۆفەرەکەیان چەندبوو و پێمگوتن، بەڵێنێکم بە ریال بێتیس داوە و 95% لێیان نزیکم و رێز لە پەیمانی خۆم دەگرم.
بەم بڕیارەی ئێستام زۆر خۆشحاڵم، بەڵام لە ماوەی رابردوودا پێنج یانە بۆ گواستنەوەم هاتبوونە سەرهێڵ.
لەوانەیە ئانتۆنی 14ی ئەم مانگە یەکەم یاریی فەرمی ئەم وەرزە بە درێسی ریال بێتیس بکات، کاتێک رووبەڕووی لێڤانتی دەبێتەوە.