یانەیەکی پرێمەرلیگ خەریکە سانچۆ دەگوازێتەوە
سانچۆ شوێنی لە پێکهاتەی ئامۆریم نەماوە

یاریگا –
ئاستۆن ڤیلا گفتوگۆکانی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەک دەستپێکردووە.
کەتیبەکەی یونای ئێمرێ چاوی بڕیوەتە جەیدن سانچۆ، ئەستێرەی ئینگلیزی و دەیەوێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، بیکاتە جەنگاوەرێکی نوێی یانەکەی.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، ئاستۆن ڤیلا نایەوێت گواستنەوەی سانچۆ تێهەڵکێشی کەیسی گواستنەوەی ئێمیلیانۆ مارتینێز، گۆڵپارێزی ئەرجەنتینی بکات.
ئاستۆن ڤیلا بەهۆی پێشێلکردنی رێساکانی دارایی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا، رێکاری توندی بەرامبەر گیراوەتەبەر، بۆیە یانەکەی میدلاندز، نەیتوانی لە مێرکاتۆی هاوینە ئازادانە بەشداری بازاڕەکە بکات.
دوای چوونە دەرەوەی لیۆن بەیڵی بەخواستن بۆ رۆما و گواستنەوەی مارکوس راشفۆرد، ڤیلا کێشەی قووڵی تەکتیکی بۆ دروستبووە.
ڤیلانز جیا لە سانچۆ، خەریکە گواستنەوەی ڤیکتۆر لیندێلۆف، بەرگریکاری پێشووی مانچێستەر یونایتد تەواو دەکات و بەمەش سانچۆ دەتوانێت لەگەڵ هاوتیمی پێشووی خۆی یاریی بکاتەوە.
لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو، رۆما ئۆفەرێکی فەرمی بەبڕی 20 ملیۆن پاوەند پێشکەشی مانچێستەر یونایتد کرد، بەڵام سانچۆ رازینەبوو یاریی بۆ یانەکەی پایتەختی ئیتاڵیا بکات.
سانچۆ لە نیوەی وەرزی رابردوو بەخواستن یاریی بۆ چێڵسی کرد، دوای تەواوبوونی وادەی خواستنەکەشی، چێڵسی ئامادەنەبوو گرێبەستەکەی بکاتە هەمیشەیی.
روبن ئامۆریم بەر لە دەستپێکردنی وەرز، پێنج یاریزانی لە لیستەکەی دوورخستەوە و سانچۆ یەکێکە لەو یاریزانانە و دەبێ تاوەکو ئێوارە، یانەیەکی دیکە بدۆزێتەوە.
سانچۆ لە هاوینی ساڵی 2021 پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتد کرد و 83 یاریی بۆ شەیتانە سوورەکان کردووە.