ئینگلتەرابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

دوایین پەرەسەندن؛ ویسا لە برێنتفۆرد دەمێنێتەوە یاخود دەچێتە نیوکاسڵ؟

سکای سپۆرتس دوایین زانیارییەکان ئاشکرا دەکات

Yariga App

یاریگا –

تاوەکو ئێستا برێنتفۆرد بەیەکجاری دەرگای گفتوگۆکانی بەڕووی نیوکاسڵ یونایتد دانەخستووە.

تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، لەدوای بەیاننامە توندەکەی یۆوان ویسا، برێنتفۆرد ئامادەیە جارێکی دیکە گفتوگۆ لەگەڵ نیوکاسڵ دەستپێبکاتەوە.

هەرچەندە تەنیا چەند کاتژمێرێک بۆ داخستنی بازاڕی گواستنەوەکانی ئەم هاوینە ماوە و چارەنووسی ئەستێرە فەڕەنسییەکە یەکلایینەکراوەتەوە.

کێشەی سەرەکی برێنتفۆرد، دۆزینەوەی شوێنگرەوەی ویسایە، بۆیە نایەوێت لە دوا ساتەکان دەستبەرداری یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی ببێت.

لە ماوەی رابردوودا هەوڵی زۆریان بۆ گواستنەوەی ماک بێیێەر، هێرشبەری بۆڕووسیا دۆرتموند دا، بەڵام یانە ئەڵمانییەکە دەستبەرداری نەبوو.

جیا لە دۆزینەوەی شوێنگرەوە، برێنتفۆرد داوای پارەیەکی گونجاو دەکات و ئامادەنییە بە کەمتر لە 60 ملیۆن پاوەند رێگە بەچوونە دەرەوەی ئەستێرەکەی بدات.

هەڵوێستی ویسا چییە؟

دوێنێ یەکشەممە، یۆوان ویسا، هێرشبەری برێنتفۆرد لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا داوای جێهێشتنی یانەکەی کرد.

بەدرێژایی ئەم هاوینە بێدەنگیم هەڵبژارد، بەڵام تەنیا چەند کاتژمێرێک بۆ بازاڕی گواستنەوە ماوە و دەمەوێت نیازی خۆم زۆر بەڕوونی بۆ جێهێشتنی برێنتفۆرد روون بکەمەوە. پێموایە یانەکە بەبێبوونی هیچ مافێک، رێگریم لێدەکات، سەرەڕای ئەوەی چەندین ئۆفەرم بەدرێژایی هاوین پێشکەشمکران.

سەرەتای ئەم هاوینە، قسەم لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یانەکە کرد، تەنانەت راهێنەری نوێ و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی ئامادەبوون. بەڕوونی پێمڕاگەیاندن، دەمەوێت چاڵنجێکی نوێ تاقیبکەمەوە.

دەرەنجامی گفتوگۆکانمان بەمشێوەیە بوو، کە یانەکە رێگری لە حەزەکانم ناگرێت و لە ئەگەری گەیشتنی ئۆفەری گونجاو، رەزامەندی لەسەر دەردەبڕن.

یانەیەک بە تەواوی بۆم هاتووەتە پێش و بەڕوونی هەموو شتێکم بە برێتنفۆرد دەگوت، تاوەکو بەبێ کێشە لەیەکتر جیاببینەوە.

بەنزیکبوونەوەی داخستنی بازاڕی گواستنەوەکان، برێنتفۆرد بە تەواوی هەڵوێستی خۆی گۆڕیوە و پەیمانی پێشتری شکاند. ئەمە منی لە دۆخێکی پڕ نیگەرانی جێهێشتووە.

ئەو بەڵێنەی پێمدرابوو بۆ جێهێشتنی یانەکە، جێبەجێ نەکرا. نیگەرانم کە ئەمە دەنووسم، سەرباری ئەمەش رێزێکی زۆر لەم یانەیە و هاندەرانی دەگرم.

دەمەوێت روونی بکەمەوە، بەهیچ شێوەیەک ناپیشەییانە مامەڵەم نەکردووە، نەشمویستووە بە ناخۆشی برێتنفۆرد جێبهێڵم. شەفافانە مامەڵەم کردووە و بەردەوام لەگەڵ یانەکە لە گفتوگۆدا بووم، ئەمەش کاردانەوەی بەهاکانی من وەکو یاریزانی تۆپی پێی مرۆڤ پیشاندەدات.

هیوادارم بەر لە داخرانی بازاڕی گواستنەوەکان، چارەسەرێکی گونجاو بۆ دۆخەکەم بدۆزرێتەوە.

داوا لە بەرپرسانی یانەکە دەکەم، بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن، رێگەم پێبدەن بە نرخێکی گونجاو پەیوەندی بە یانەیەکی نوێبکەم.

ناچارکردنم بە مانەوە تەنیا وێنەی جوانی چوار ساڵی رابردووم لەم یانەیە دەشێوێنێت. بۆیە داوا لە خاوەن و بەرپرسانی برێنتفۆرد دەکەم، بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن و رێگەم پێبدەن لە دوا کاتژمێرەکانی گواستنەوەی یاریزانان پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکەم.

یاریزانی نێودەوڵەتی فەڕەنسی لە هاوینی ساڵی 2021 بەبڕی 10 ملیۆن یۆرۆ لە لۆریانەوە پەیوەندی بە برێنتفۆرد کرد. لەو ساتەوە 49 گۆڵ و 13 ئەسیستی لە 149 یاریدا کردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button