مانچێستەر سیتی تەنیا یەک هەنگاو لە گواستنەوەی دۆناروما دوورە

یاریگا –
مانچێستەر سیتی لەگەڵ جیانلویجی دۆناروما، گۆڵپارێزی ئیتاڵی گەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی.
رۆژنامەنووسی باوەڕپێکراو نیکۆلۆ شیرا بڵاویکردووەتەوە، جیانلویجی دۆناروما تەنیا یەک هەنگاو لە پەیوەندیکردنی بە مانچێستەر سیتی دوورە، دوو هەفتە لەمەوبەر لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە لەسەر مەرجە کەسییەکان گەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی و گرێبەستێک بۆ ماوەی پێنج وەرز و تاوەکو هاوینی 2030 لەگەڵ بلوو موون واژۆ دەکات.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، مانچێستەر سیتی لەبەرامبەر گواستنەوەی گۆڵپارێزە ئیتاڵییەکە 20-25 ملیۆن یۆرۆ بە پاریس سانجێرمان دەدات، مووچەی ساڵانەی جیجی لە سیتیزنس 13 ملیۆن یۆرۆ دەبێت لەگەڵ دوو ملیۆنی دیکە بەشێوەی پاداشت.
🚨 Excl. – Gigio #Donnarumma is one step away to #ManchesterCity from #PSG for €20-25M. Agreed personal terms for a contract until 2030 (€13M/year + 2M as bonuses). #transfers #MCFC https://t.co/RX4ecf9Zig
— Nicolò Schira (@NicoSchira) September 1, 2025
پەیوەندیکردنی دۆناروما بە مانچێستەر سیتی تەنیا لەسەر گواستنەوەی ئێدەرسن بۆ فەنەرباچێ وەستاوە، ئێدەرسن ئامادەیە پەیوەندی بە یانە تورکییەکە بکات و لەسەر مەرجە کەسییەکان رێککەوتن.
هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکانی فابریزۆ رۆمانۆ، فەنەرباچێ لەگەڵ مانچێستەر سیتی گەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی و ئێدەرسن بەبڕی 12-13 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانە تورکییەکە دەکات. ئەمەش وادەکات گواستنەوەی دۆناروما بۆ مانچێستەر سیتی کۆتایی بێت.
گرێبەستەکەی دۆناروما لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە هاوینی 2026 کۆتایی دێت و مووچەی ساڵانەی 12 ملیۆن یۆرۆ لە یانەکە وەردەگرێت، لەپێناو نوێکردنەوەی ئامادەبوو مووچەکەی کەمبکاتەوە، بەڵام لویس ئێنریکێ، راهێنەری یانەکە بڕیاریدا دەستبەرداری ببێت.
گۆڵپارێزە ئیتاڵییەکە بەفەرمی ماڵئاوایی لە هاندەرانی پاریس سانجێرمان کردووە و لەم هاوینە پەیوەندی یانەکە جێدەهێڵێت.