
یاریگا –
گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لیستی یاریزانانی بۆ پاڵەوانیەتییەکی دۆستانە راگەیاند.
شێرکۆ کەریم، ئەستێرەی یانەی زاخۆ دوای ماوەیەکی درێژ، جارێکی دیکە بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کرایەوە.
ئارنۆڵد پێنج یاریزانی کوردی بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کردووە، بە مەبەستی بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتی جامی شای تایلاندی دۆستانە.
لیستی یاریزانانی بانگهێشتکراو؛
جەلال حەسەن، ئەحمەد باسل، فەهد تاڵیب، رێبین سولاقا، مەناف یونس، عەلی فایز، زەید تەحسین، شێرکۆ کەریم، فڕانس پەترووس، ئەحمەد یەحیا، مێرخاس دۆسکی، ئەمجەد عەتوان، ئوسامە رەشید، ئەمیر عەماری، کێڤن یەعقووب، سەجاد جاسم، یوسف ئەمین، ئیبراهیم بایش، مونتەزەڕ ماجید، بەشار رەسەن، ماڕکۆ فەڕەج، ئەیمەن حوسێن، موهەنەد عەلی ‘میمی’.
چەند وڵات بەشدارە؟
عێراق بە مەبەستی ئامادەکاری زیاتر بۆ پاشکۆی پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیالی 2026، بڕیاریداوە بەشداری لە جامی شای تایلاند – دۆستانە بکات.
هەریەکە لە هەڵبژاردەکانی هۆنگ کۆنگ، فیجی و تایلاند بەشداری پاڵەوانیەتییەکە دەکەن.
یارییەکان لە 4ی مانگی داهاتوو لە بانکۆک، پایتەختی تایلاند دەستپێدەکات و یاریی یەکەمی هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر هۆنگ کۆنگە و یارییەکە کاتژمێر 12:00 بە کاتی هەولێر دەکرێت.
یاریی دەستنیشانکردنی پلەی سێیەمی پاڵەوانیەتییەکە لە 7ی مانگی داهاتوو کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ دەکرێت و یاریی کۆتاییش لە هەمان رۆژ کاتژمێر 18:00 بەکاتی هەولێر دەکرێت.

فێدراسیۆنی تۆپی پێی تایلاند لە ساڵی 1968 بۆ یەکەمجار پاڵەوانیەتییەکەی راگەیاند، لەو ساتەوە هەموو ساڵێک بەڕێوەدەچێت، تەنیا لە ساڵەکانی 1983 1985، 2008، 2011 و 2014 نەکراوە.
هەڵبژاردەی عێراق لەدوا وەشاندا بووە پاڵەوان و هەڵبژاردەی تایلاند زۆرترین جار نازناوەکەی بەدەستهێناوە (15 جار).
چەندین ئەستێرەی بەناوبانگ بەشدارییان لە پاڵەوانیەتییەکە کردووە، لەوانە؛ پیتەر شمایکڵ، بڕاین لاودرۆپ، هێنریک لارسۆن، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، مارتن شکێرتڵ، میلان شکرینیار. جیا لەمەش هەڵبژاردەی بەڕازیل لە ساڵی 1999 بەشداری پاڵەوانیەتییەکەی بە کۆمەڵێک ئەستێرەی وەکو رۆناڵدینیۆ، کافو، رۆبێرتۆ کارلۆس و ریڤاڵدۆ کرد.