نیوکاسڵ لە گەڕان بەدوای شوێنگرەوەی ئیزاک نەوەستاوە
ستراند لارسن داواکراوی سەرەکییە

یاریگا –
نیوکاسڵ یونایتد تەواو خۆی بۆ گواستنەوەی شوێنگرەوەیەک بۆ ئالێکساندەر ئیزاک تەرخانکردووە.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، یۆرگن ستراند لارسن، هێرشبەری نەرویجی بە ‘رێزەوە’ داوای مۆڵەتی جێهێشتنی لە وۆڵڤز کردووە و بە دەستەی کارگێڕی راگەیاندووە، دەیەوێت پەیوەندی بە نیوکاسڵ یونایتد بکات.
نیوکاسڵ تاوەکو ئێستا دوو ئۆفەری بەبڕی 50 و 55 ملیۆن پاوەند بۆ گواستنەوەی لارسن پێشکەشی وۆڵڤز کردووە و هەردووکی رەتکراونەتەوە.
هەڵوێستی وۆڵڤز رەتکردنەوەی هەموو ئۆفەرێکە و نایەوێت لە مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا دەستبەرداری لارسن ببێت.
جێف شی، سەرۆکی وۆڵڤز بە ستراند لارسنی راگەیاندووە، لە مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا ئەستەمە دەستبەرداری ببن، ئەمە لە کاتێکدایە وۆڵڤز دەیەوێت هێرشبەرێک بگوازێتەوە وەکو کارەکتەرێکی پاڵپشتیکار بۆ لارسن نەک بۆ شوێنگرتنەوەی.
لە ئەگەری چوونە دەرەوەی لارسن، ئەوا وۆڵڤز دەبێ دوو هێرشبەری دیکە بگوازێتەوە، بە تایبەت دوای لەدەستدانی تواناکانی ماتیوس کونیا و پەیوەندیکردنی بە مانچێستەر یونایتد.
نیوکاسڵ پێی وایە ستراند لارسن دەبێتە باشترین شوێنگرەوە بۆ کاڵووم ویڵسن، کە لە سەرەتای هاوین ریزەکانی سەینت جەیمسس پارکی جێهێشت و بە بژاردەی سەرەکی شوێنگرتنەوەی ئیزاک داناندرێت.
ستراند لارسن وەرزی رابردوو بە خواستن لە سێلتا ڤیگۆوە پەیوەندی بە وۆلڤز کرد و لە سەرەتای ئەم هاوینە، بەبڕی 27 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستەکەی کرایە هەمیشەیی.
لەم وەرزەدا بەشداری لە سێ یاریدا کردووە و خاوەنی دوو گۆڵە. لە وەرزی رابردووشدا 41 یاریی بۆ وۆڵڤز کرد، خاوەنی 16 گۆڵ و پێنج ئەسیست بوو.