لە لەندەن نزیکە؛ چێڵسی واز لە ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا ناهێنێت
بارسێلۆنا بۆ ناونووسکردنی کۆمەڵێک یاریزان دەستبەرداری ئەستێرەیەکی دەبێت

یاریگا –
چێڵسی دەستبەرداری هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی فێرمین لۆپێز نابێت.
ماوەیەکە چێڵسی هەموو هەوڵێکی بۆ گواستنەوەی لۆپێز، ئەستێرەی بارسێلۆنا دەستپێکردووە، بەگوێرەی میدیاکانی کاتالونیا بێت، یانە لەندەنییەکە ئۆفەرێکی بەبڕی 58 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی بارسێلۆنا کردبوو، بەڵام رەتکرایەوە.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، چێڵسی ئۆفەرەکەی بۆ 65 ملیۆن یۆرۆ بەرزکردووەتەوە و چاوەڕێی کۆتا وەڵامی بارسێلۆنایە.
بەگوێرەی زانیاریەکانی رۆژنامەکە، ئەم بڕە پارەیە جێگیرە و هیچ پاداشتێکی پەیوەست بە بردنەوەی نازناوەکان لەخۆناگرێت.
چێڵسی لەسەر داوای ئێنزۆ مارێسکا، راهێنەری یانەکە هەموو هەوڵێک بۆ گواستنەوەی فێرمین دەدات و پێی وایە، فێرمین دەبێتە بەشێکی ستراتیژی لە پڕۆژەی نوێی یانەکەی باکووری لەندەن.
رۆژنامەکە جەختیکردووەتەوە، چێڵسی ئۆفەرەکەی بۆ 65 ملیۆن یۆرۆ زیادکردووە، تاوەکو پەیامی جیددی بوونی خۆی بە بارسا بگەیەنێت.
دەستبەرداربوون لە تواناکانی فێرمین لەڕووی داراییەوە قازانجێکی زۆر بە پڕۆژەی هانزی فلیک دەکات و تەواو لە یاسای 1:1 دووریدەخاتەوە، چونکە ئێستا بارسێلۆنا 17 ملیۆن یۆرۆ لە سنووری خۆی تێپەڕاندووە و یانەکە لەژێر فشارێکی بێپایانی لالیگادایە.
بارسا ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی ناوی یاریزانان لە لالیگا تۆماربکات، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر لایەنی هونەری فلیک دروستکردووە.
بارسێلۆنا چاوەڕێی یەکلاییبوونەوەی کەیسی فێرمینە، تاوەکو بڕیاری خێرا لە ناونووسکردنی ڤۆیچێخ چێزنی، جێرارد مارتن، ماڕک بێرناڵ و روونی بەرداخچی بدات.