دوایین پەرەسەندن؛ نیوکاسڵ واز لە هێرشبەرێک ناهێنێت و سێیەم ئۆفەری پێشکەش دەکات
ماگپایز بەدوای شوێنگرەوەی ئیزاک وێڵە..

یاریگا –
وۆڵڤز دووەم ئۆفەری نیوکاسڵ یونایتد بۆ گواستنەوەی یورگن ستراند لارسن، هێرشبەری نەرویجی رەتدەکاتەوە.
تۆڕی سکای سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، نیوکاسڵ یونایتد بۆ گواستنەوەی ستراند لارسن ئۆفەرێکی نوێی بە بەهای 55 ملیۆن پاوەند پێشکەشکردووە، بەڵام وۆڵڤز ئۆفەرەکەی رەتکردووەتەوە.
هاوکات دووشەممەی رابردوو 25ـی ئابی 2025، نیوکاسڵ یەکەم ئۆفەری بە بەهای 50 ملیۆن پاوەند بۆ گواستنەوەی هێرشبەرە نەرویجییەکە پێشکەش کردبوو، بەڵام وۆڵڤز ئۆفەرەکەی رەتکردبووەوە.
🚨 Newcastle have had an improved offer for Wolves for striker Jørgen Strand Larsen turned down.
💰The second offer totals £55m.
❌ #NUFC had a £50m offer rejected by Wolves yesterday!
🟡 Wolves boss Vitor Pereira said tonight every player has his price, following his brace… pic.twitter.com/2bkhhQdFCV— Keith Downie (@SkySports_Keith) August 26, 2025
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ئێستا ماگپایز ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی سێیەم ئۆفەر بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە پێشکەش بکات.
شەوی رابردوو لە یارییەکانی جامی کاراباو وۆڵڤز رووبەڕووی وێستهام یونایتد بووە و 3-2 یارییەکەی بردەوە، لارسن دوو گۆڵی بۆ یانەکەی کرد.
پاش یارییەکە ڤیتۆر پێرێیرا، راهێنەری وۆڵڤز باسی پەیوەندیکردنی هێرشبەرەکەی بە نیوکاسڵ کرد.
تاوەکو ئێستا یورگن ستراند یاریزانی ئێمەیە، با بزانین لە داهاتوودا چی روودەدات، لە تۆپی پێ تێدەگەم، تۆپی پێ تۆپی پێیە، بڕوام وایە هەموو یاریزانێک نرخی خۆی هەیە.
من لە تۆپی پێ تێدەگەم، بەڵام بەلای منەوە یورگن یاریزانێکی زۆر زۆر گرنگە بۆمان، با بزانین لە داهاتوودا چی دەبێت.
ئالێکساندەر ئیزاک، هێرشبەری سویدی بڕیاریداوە نیوکاسڵ جێبهێڵێت، ماگپایز بە چڕی لە مێرکاتۆ بەدوای شوێنگرەوەی گۆڵکارە سویدییەکە دەگەڕێت.
یورگن لە هاوینی 2024 بەشێوەی خواستن لە سێلتا ڤیگۆی ئیسپانییەوە پەیوەندی بە وۆڵڤز کرد، یانە ئینگلیزییەکە لەم هاوینە بەبڕی 27 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستەکەی کرد بە هەمیشەیی.
ستراندی تەمەن 25 ساڵان لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 41 یاریی بۆ وۆڵڤز کردووە، 16 گۆڵی کردووە و 5 گۆڵی دروستکردووە.