پلانی نیوکاسڵ بۆ ئیزاک دوای “دێربی ئیزاک”

یانەی نیوکاسڵ یونایتد بڕیاری لەسەر چارەنووسی ئەلیکساندەر ئیزاک داوە پاش گیروگرفتەکانی ئەو یاریزانە لەگەڵ مەگپایس.
نیوکاسڵ سەرەتا رازیبوو بە فرۆشتنی ئیزاک بە لیڤەرپوول بەڵام دواتر نەیتوانی هیچ کامێک لە ئامانجەکانی بپێکێت بۆ جێگرتنەوەی ئیزاک و ئەمەش وایکرد لەو بڕیارە پاشگەز ببنەوە. سەرەنجام ئیزاک لەپێگەی فەرمی خۆی هێرشیکردە سەر یانەکەی و بە بێ بەڵێن تۆمەتباری کردن.
ئەمڕۆ لە کۆتا یاری هەفتەی دووهەمی پریمەرلیگدا، لیڤەرپوول و نیوکاسڵ رووبەرووی یەکدەبنەوە لە کاتێکدا داهاتووی ئیزاک بە هەڵواسراوی لە نێوان ئەو دوو یانەیەدا ماوەتەوە. ئەمەش وایکردووە ئەم یارییە ناوبنرێت “دێربی ئیزاک”
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەنووسی ناودار لە کەناڵی خۆی لە یوتیوب سەبارەت بە نوێترین پێشهاتی کەیسیی ئیزاک وتی
لەدوای ئەم یارییەوە چارەنووسی ئەو یاریزانە یەکلادەکرێتەوە. هەڵوێستی نیوکاسڵ ئەوەیە کە دەیانەوێت ئەو یاریزانە بگەڕێتەوە مەشقەکان و بمێنێتەوە بەڵام هێشتا لیڤەرپوول ئەو یاریزانەی دەوێت و بە هەموو توانایەکییەوە هەوڵی بۆ دەدات
کەمتر لە هەفتەیەک ماوە بەسەر داخستنی بازاڕی گواستنەوە و رۆیشتنی ئیزاک بە رێژەیەکی بەرز بەندە بە دۆزینەوەی جێگرەوەیەکی گونجاو لەلایەن نیوکاسڵەوە.
ئیزاک لە هیچ یارییەکی ئەم وەرزەی نیوکاسڵ بەشداری نەکردووە و سوورە لەسەر ئەوەی نەگەڕێتەوە تاوەکو دەفرۆشرێت بەڵام رەنگە ناچاربێت هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت ئەگەر لەم هەفتەیەدا لیڤەرپوول دڵی نیوکاسڵ رازی نەکات.