ناپۆلی بە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراو دەیەوێت گرێبەستی هۆیلوند یەکلابکاتەوە

یانەی ناپۆلی ئیتاڵی سوورە لەسەر گواستنەوەی راسموس هۆیلوند و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەیە مووچەی ئەو یاریزانە بەرزبکاتەوە بۆ زیاتر لەوەی ئێستا لە مانچێستەر وەریدەگرێت.
بەر لە دوو ساڵ مانچێستەر یونایتد 91 ملیۆن دۆلاری دا بە ئەتەلەنتا لە پێناو گواستنەوەی هێرشبەرە دانیمارکییە و بووە شەشەم گرێبەستی شەیتانە سوورەکان، بەڵام هەرزوو گواستنەوەکە بووە مۆتەکە و ئەو یاریزانە بە خراپیی شکستی هێنا لە یارمەتیدانی یانەکە.
بۆ وەرزی نوێ مانچێستەر ئەوەی یەکلاکردووەتەوە راسموس لە پلانەکاندا نیە و دەبێت بڕوات. لە ئێستادا نزکترین یانە لە گواستنەوەی ناپۆلی ئیتاڵییە کە ئامادەیە بە کۆی گشی بڕی 50 ملیۆن یۆرۆ بدات بە مانچێستەر بەڵام دەیەوێت ساڵی یەکەم بە خواستن بێت و لەباری دڵنیایی لە ئاستی ئەو یاریزانە دوای ساڵێک گرێبەستەکە ببێتە هەمیشەیی.
ئەوەی بەربەست بوو لەبەردەم گواستنەوەکەدا، خودی یاریزانەکە رازی نەدەبوو. بەڵام ئەمڕۆ کۆریێری دیلۆ سپۆرت ئاشکرایکرد، ناپۆلی ئامادەیی دەربڕیووە 4.5 ملیۆن یۆرۆ وەکوو مووچە بداتە ئەو یاریزانە تاوەکو رازی بکات.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، هۆیلوند لە باشترین کاتیدا و سەرەڕای گرێبەستە گەورەکەی لەگەڵ یونایتد، مووچەکەی 2.8 ملیۆن یۆرۆ بوو، کەچی ناپۆلی بەگووتەی سەرچاوەکە ئامادەیە 4.5 ملیۆنی پێبدات.