راگەیێندراوی یاریگا19؛ تۆڕی وەرزشی یاریگا چۆن و کەی دامەزرا؟
19 ساڵ لە پێشەنگایەتیکردنی میدیای وەرزشی ناوچەکە

یاریگا –
ئەمڕۆ 26ی ئۆگەست/ئاب تۆڕی وەرزشی یاریگا 19مین ساڵیادی دامەزرندنی فراوانترین تۆڕی وەرزشی کوردستان و عێراق.
نزیکەی دوو دەیەیە گەشەی تۆڕی وەرزشی یاریگا نەوەستاوە و بەردەوام لە پێشەنگی نوێگەری، داهێنان و پێشڕەوایەتی میدیای وەرزشی کوردستانی و عێراقی بووە.
یاریگا لە ساڵی 2006 لەلایەن کۆمەڵێک گەنج دامەزراوە، لە چیرۆکێکی بچووک دەستیپێکرد و ئێستا بەناوبانگترین و پڕ متمانەترین تۆڕی وەرزشییە لەسەر ئاستی ناوچەکە. یاریگا بە شێوازی جیاواز لە سەرجەم پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیا، وێبسایت و ئەپڵیکەیشن خزمەتگوزارییەکانی پێشکەشدەکات.
دەستپێکی یاریگا
تۆڕی وەرزشی یاریگا سەرەتا بە دۆمەینی Yariga.com لە ئۆگەست/ئابی ساڵی 2006 دەستیپێکرد و ئەوکاتە هەنگاوی مۆدێرن بوو لەسەر ئاستی میدیاکانی وەرزشی ناوچەکە، چونکە لەو سەردەمە هەموو شتێک رووەو ئەلیکترۆنیبوون دەچوو و خەڵک ئیتر وردە وردە لە رۆژنامەی کاخەزی دووردەکەوتەوە، بۆیە یاریگا هەنگاوی یەکەمی دیجیتاڵی نا.
بەهۆی چەندین هۆکار و کێشەی جیاوازەوە، یاریگا دۆمەینی .comی لەدەستدا، دوای راوێژی دەستەی دامەزرێنەران، دۆمەینی Yariga.net هەڵبژێردرا و چیرۆکی دۆمەینە نوێیەکە لە ساڵی 2008 دەستیپێکرد و ئێستاش بووەتە بڕاندێکی گەورەی نێو میدیاکانی وەرزشی لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەگوێرەی وێبسایتی web.archive.orgی تایبەت بە ئەرشیڤی وێبسایتەکان، تاوەکو ئێستا داتابەیزی کۆنی هەواڵ و زانیارییەکانی تێداماوە.

هێما و سلۆگانی ساڵیادی یاریگا

لۆگۆی 19مین ساڵیادی تۆڕی وەرزشی یاریگا، بە کۆنسێپتێکی جیاواز و ئاڕاستەکراو دیزاین کراوە.
ژمارە 1 کە تاجی زێڕینی لەسەر دانراوە، رەنگدانەوەی پێشڕەوی یاریگا و پێگەی پێشەنگایەتییەتی لەسەر ئاستی ناوچەکە. لۆگۆکە تۆپی ژمارە 9ی رەنگ زەردی وەرگیراو لە یاریی بیلیاردی تێدایە. ئەم تۆپە لە یاریی 9 Ball (9 تۆپی)یدا، لێدانی کۆتایی و بردنەوەی یارییەکەیە، بۆیە لەلایەن یاریگاوە وەکو رەنگدانەوەی پێشەنگایەتی بەکارهێندراوە.
تیمی کرەیتڤی تۆڕی وەرزشی یاریگا بەمشێوەیە پێناسەی لۆگۆی 19مین ساڵیادی یاریگا دەکات؛
تۆپی ژمارە 9 لە یاریی (9 بۆڵ – 9Ball) لێدانی یەکلاییکەرەوە و بردنەوەیە، وەکو چۆن یاریگا لە سەرەتای دامەزراندنییەوە یەکەمبوونی خۆی یەکلاییکردووەتەوە.
دەنگێکی ناوازە
تۆڕی وەرزشی یاریگا بە رێچکەیەکی ئیدیتۆریالی تایبەت کار لەسەر گەیاندنی زانیاری و هەواڵەکان، وەرگری یاریگا دەتوانێت بە ئاسانی دەستی بە خزمەتگوزارییەکانی تۆڕەکە بکات، ئەمەش وایکردووە یاریگا ببێتە هێمایەکی گەورە لە میدیای وەرزشی ناوچەکەدا.
یاریگا زۆر لە شێوازی کارکردنی کلاسیکی دوورکەوتووەتەوە، تۆڕەکەمان شێوازێکی تایبەتی لە گەیاندنی زانیاری و هەوڵ هەیە.
لە کاتی بینینی هەواڵ و زانیارییەکان، دەستبەجێ وەرگر دەزانێت ئەمە شێوازنامەی یاریگایە، بۆیە یاریگا متمانەی خەڵکی بەدەستهێناوە و خاوەنی وەرگری و فانی رەسەنی خۆیەتی.
یاریگا هەرگیز پارەی بۆ گەیاندنی پۆست و هەواڵەکانی خەرج نەکردووە و یەک پۆستیش سپۆنسەر نەکراوە، ئەمەش رەسەنایەتی بینەر و وەرگری یاریگا پیشان دەدات.
ژمارەکانی یاریگا بێهاوتان
تۆڕی وەرزشی یاریگا، 12 مانگی رابردووی کردووەتە پێوەری کاریگەری تۆڕەکە لەسەر ئاستی سەرجەم پلاتفۆڕمەکان و ژمارەکان زۆر گەورە و بێهاوتان.
وێبسایتی یاریگا یەکێکە لە چالاکترین و پڕسەردانیکەرترین وێبسایت لەسەر ئاستی ناوچەکە. لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا زیاتر لە 150 ملیۆن کەس سەردانی وێبسایتەکەی کردووە و ئەمەش ژمارەیەکی نموونەییە لەسەر ئاستی ناوچەکە.
یاریگا بە هەواڵی بەپەلە و تایبەت، بەردەوام سەرنجی وەرگرانی راکێشاوە و ئێستا لەڕێی ئەپڵیکەیشنەوە، بە ئاسانی هەواڵەکانیان پێدەگات.
یاریگا لە هەشت مانگی ئەمساڵدا، بەرەوپێشچوونێکی تێبینیکراوی لە زیادکردنی ژمارەی سەردانیکەران، بەراورد بە سەرەتای ساڵی 2024 بەدیکردووە، بەجۆرێک ژمارەی سەرانیکەران 25% زیادیکردووە.

ئەپڵیکەیشنی یاریگا و دانانی پێوەری نوێ
ئەپڵیکەیشنی یاریگا بۆ هەردوو سیستمی iOS و ئاندرۆید بەردەستە، لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکێکە لە پڕ داونڵۆدترین ئەپڵیکەیشنەکان و تاوەکو ئێستا لە ماوەی یەک ساڵ و نیودا 750 هەزار جار داونڵۆد کراوە.
لەماوەی 12 مانگی رابردوودا، ئەپڵیکەیشنی یاریگا زیاتر لە 110 ملیۆن سەردانی تۆمارکردووە، ئەمەش ژمارەیەکی بێهاوتایە لە ناوچەکە.
دیارترین خەسڵەتەکانی ئەپڵیکەیشنی یاریگا بریتین لە؛
- رووماڵێکی فراوان و وردی سەرجەم خولەکانی کوردستان و عێراق، جیا لە ئەنجامی چرکە بە چرکەی زیاتر لە 600 خول و پاڵەوانیەتی جیهانی.
- خزمەتگوزارییەکان بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی پێشکەش دەکات.
- ناوەندێکی فراوانی زانیاری لەبارەی یاریزانانی خولەکانی نایاب، پلەیەک و دووی کوردستان هەروەها خولی ئەستێرەکانی عێراق، نایاب، پلەیەک و پلەدووی عێراق.
- بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.

ئەپڵیکەیشنی یاریگا بووەتە سەرچاوەیەکی گەورە و باوەڕپێکراو بۆ تەواوی دامەزراوەکانی دیکەی میدیایی و وەرزشی، چونکە بە چەند کلیکێک وەرگر دەستی بە هەموو وردەکاری و زانیارییەکان دەگات. دامەزراوەی ڤیژن ئیجیوکەیشن پاڵپشتی تەواوی تۆڕی وەرزشی یاریگا دەکات.
سۆشیاڵ میدیا
پلاتفۆڕمەکانی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی یاریگا پێگەی بەهێز و پڕ ئینگەیجمێنتییان هەیە.
ئامارەکانی 12 مانگی رابردووی فەیسبووک ریکۆردی نوێیان تۆمارکردووە، بەجۆرێک پۆستەکانی یاریگا لە فەیسبووک زیاتر لە 11 ملیار ڤیوییان هەبووە، ئەمەش ژمارەیەکی گەورەیە لەسەر ئاستی تەواوی میدیاکانی ناوچەکە.

یاریگا هەژماری چالاک و کاریگەری لە پلاتفۆڕمەکانی ئینستاگرام، تیکتۆک، یوتیوب و تێلێگرامیش هەیە، لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەک ریکۆردی نوێیان تۆمارکردووە.
