
یاریگا –
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دوای چەندین کۆبوونەوە، دوا بڕیاری لەبارەی چارەنووسی یانەی نەورۆزدا.
دوای رووداوەکانی ئەم دواییەی سلێمانی و دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی یانەی نەورۆز، گومانێکی زۆر لەبارەی داهاتووی یانەکە دروستبوو، هەموو چاوەکان لەسەر هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بوون.
تۆڕی وەرزشی یاریگا لە زاری بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان زانیویەتی، ئەمڕۆ دوو کۆبوونەوەی گرنگ لەبارەی چارەنووسی یانەی نەورۆز کراون و چەند بڕیارێکیان لێدەرچووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، یانەی نەورۆز مەشقەکانی دوور لە چاوی میدیاکان دەستپێکردەوە و چەند نوێنەرێکی یانەکە بۆ تاوتوێکردنی چارەنووسی یانەکەی شاری هەڵمەت و قوربانی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی کۆبوونەوە.
سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی کە بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بە یاریگای راگەیاند، بڕیاری ئێستای یەکێتی هێشتنەوەی دەستەی کارگێڕی وەکو خۆیەی تاوەکو هەڵبژاردنی یانەکە دەکرێت.
بڕیارە لە ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یانەی نەورۆز بکرێت، بەگوێرەی زانیارییەکانی یاریگا، یەکێتیی داوای هەڵبژاردنی پێشوەختی کردووە، بەڵام پێناچێت بکرێت و تاوەکو هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەر بە هەمان هەیکەلیەتی ئێستا بەردەوام دەبن.
یاریگا لە سەرچاوەیەکی دیکەی نێو یەکێتیی نیشتمانی کوردستان زانیویەتی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یانەکە سەرپەرشتی کارەکان دەکات.
هەمان سەرچاوە دووپاتیکردەوە، قوباد تاڵەبانی دەیەوێت وەبەرهێنەرێک ئەرکی سەرۆکایەتی یانەی نەورۆز بگرێتە ئەستۆ و ئیتر یانەکە لە هەموو کێشمەکێشمێکی حیزبی دووربخاتەوە.
تاوەکو ئێستا چی روویداوە؟
دوێنێ شەممە، چەند دەنگۆیەک لەبارەی چارەنووسی نەورۆز و ئەگەرەکانی تێکەڵکردنەوەی لەگەڵ یانەی سلێمانی بڵاوکراونەوە، تۆڕی وەرزشی یاریگا، زانیاری نوێ و پشتڕاستکراوی لە بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەستکەوت و رەتیکردەوە، هیچ بیرۆکەیەکی لەمشێوەیە هەبێت.
بەرپرسە باڵاکەی یەکێتیی دووپاتیدەکاتەوە، بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی یانەی نەورۆز دەکەن و ئەگەر پشتیوانیشییان نەکەن، ئەوا بە هیچ شێوەیەک دژیان ناوەستنەوە.
یانەی نەورۆز یانەیەکی گەورەی عێراق و هەرێمی کوردستانە و ئامادەین بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی لە یانەکە بکەن، لە ئەگەری ئەوەی توانای پاڵپشیشمان نەبێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە دژایەتی یانەی نەورۆز ناکەین.
لەبارەی دەنگۆکانی تێکەڵکردنەوەی لەگەڵ یانەی سلێمانی، بەرپرسە باڵاکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت دووپاتیکردەوە؛
بە هیچ شێوەیەک وەرزش و سیاسەت تێکەڵ ناکەین و نەورۆز یانەیەکی جوانی سلێمانییە.
بە هیچ شێوەیەک یانەکانی نەورۆز و سلێمانی تێکەڵ ناکرێنەوە. هەردوو یانەکە دوو سیما و سیمبوولی شاری سلێمانین و وەکو یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، هەوڵی ئاسانکاریی تەواویان بۆ دەدەین.
یانەکانی سلێمانی و نەورۆز تێکەڵ دەکرێن؟ سەرچاوەیەکی باڵا وەڵامدەداتەوە
نەورۆز یەکێکە لە دیارترین یانەکانی عێراق و کوردستان، یانەکە لە ساڵی 1994 بە ناوی یانەی ئەزمەڕ دامەزرا، دواتر لە ساڵی 2008 لەگەڵ یانەی کەمال سەلیم یەکیانگرتەوە و ناوەکەی کرایە نەورۆز. یانەکەی شاری هەڵمەت و قوربانی خاوەنی یەکێک لە جوانترین یاریگاکانی عێراقە و بە ئانفیڵدەکەی کوردستان ناوبانگی دەرکردووە.
نەورۆز لە 3ی یۆلیۆ/تەمووزی ساڵی 2021 بۆ یەکەمجار لە مێژوودا گەیشتە خولی ئەستێرەکانی عێراق. لە وەرزی رابردوودا بەکۆکردنەوەی 53 خاڵ پلەی نۆیەمی بەدەستهێنا.