
یاریگا –
لە دوای تێپەڕینی دووەم گەڕی لالیگا بۆ وەرزی 2025/2026 بارسێلۆنا بۆ دووەمجار لەسەریەک درێسی وەرزی رابردووی پۆشی.
لە دووەم گەڕی لالیگا بارسێلۆنا توانی ریمۆنتادا بەسەر لێڤانتیدا تۆمار بکات و بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ یارییەکە لەبەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێبێنێت. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە بۆچی یانە کاتالۆنییەکە لە هەردوو یاریی وەرزی نوێ لە دوای ئەوەی هەرسێ درێسی ئەم وەرزەی نمایش کردووە بەڵام بە درێسی سێیەمی وەرزی رابردوویان واتە سەوزی لیمۆیی یاریی کرد؟
بەگوێڕەی راپۆرتێکی رۆژنامەی سپۆرت، بابەتەکە لە پرۆسەی “هەڵبژاردنی رەنگی درێسەکانی”ی لالیگاوە سەرچاوە دەگرێت، واتە هەر سێ درێسی نوێی بارسێلۆنا بۆ وەرزی 2025/2026 لەگەڵ درێسی یەکەمی رکابەرەکەیدا رەنگیان لەیەکەوە نزیک بووە. ئەمەش وایکرد کە تیپەکەی هانزی فلیک ناچار بێت درێسی سێیەمی وەرزی رابردوو بەرامبەر مایۆرکاو لێڤانتی بپۆشێت.
رێساکانی لالیگا دەڵێن کە بەریەککەوتنی رەنگەکان نابێت رووبدات و بۆ بینەرانی تەلەفزیۆن و ناوبژیوانان لێک جیاکردنەوەیان دەبێت ئاسانتر بێت. سەرەڕای ئەوەی درێسی یەکەمیان شین و هەناری و درێسی دووەمیان کە رەنگی زەردی کاڵە و درێسی سێیەمیان بە رەنگی پرتەقاڵییە، بەڵام هیچیان بە گونجاو نەزانراون بۆ دوو یاریی یەکەمی بلاوگرانا و لالیگا چیتر رێگە نادات ئەم درێسە بپۆشنەوە و بۆ یاریی سێیەم دەبێت درێسەکانی ئەم وەرزەیان لەبەر بکەن.
بارسێلۆنا بەکۆ کردنەوەی 6 خاڵ یەکەمی ریزبەندی لالیگای گرتووە و لە ئەنجامی هەردوو یاریی ئەم وەرزەی لالیگا توانیویەتی 6 گۆڵ تۆمار بکات.