راپۆرتی تایبەتعێراقکوردستانگرنگترین

یانەکانی سلێمانی و نەورۆز تێکەڵ دەکرێن؟ سەرچاوەیەکی باڵا وەڵامدەداتەوە

تۆڕی وەرزشی یاریگا بەدواداچوونی زیاتر بۆ دۆخی ئێستای یانەی نەورۆز دەکات

Yariga App

یاریگا –

تاوەکو ئێستا چارەنووسی یانەی نەورۆز بە تەواوی یەکلایی نەکراوەتەوە و بە ئەگەرێکی زۆر گۆڕانکاری لە یانەکەدا دەکرێت.

تۆڕی وەرزشی یاریگا پێشتر لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بڵاویکردبووەوە، پێگەی یانەی نەورۆز وەکو خۆی و باشتر دەمێنێتەوە و هیچ مەترسییەک لەسەر داهاتووی یانەکە نییە.

دوای بڵاوبوونەوەی چەند دەنگۆیەک لەبارەی چارەنووسی نەورۆز و ئەگەرەکانی تێکەڵکردنەوەی لەگەڵ یانەی سلێمانی، تۆڕی وەرزشی یاریگا، زانیاری نوێ و پشتڕاستکراوی لە بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەستکەوتووە.

بەرپرسە باڵاکەی یەکێتیی دووپاتیدەکاتەوە، بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی یانەی نەورۆز دەکەن و ئەگەر پشتیوانیشییان نەکەن، ئەوا بە هیچ شێوەیەک دژیان ناوەستنەوە.

یانەی نەورۆز یانەیەکی گەورەی عێراق و هەرێمی کوردستانە و ئامادەین بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی لە یانەکە بکەن، لە ئەگەری ئەوەی توانای پاڵپشیشمان نەبێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە دژایەتی یانەی نەورۆز ناکەین.

لەبارەی دەنگۆکانی تێکەڵکردنەوەی لەگەڵ یانەی سلێمانی، بەرپرسە باڵاکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت دووپاتیکردەوە؛

بە هیچ شێوەیەک وەرزش و سیاسەت تێکەڵ ناکەین و نەورۆز یانەیەکی جوانی سلێمانییە.

بە هیچ شێوەیەک یانەکانی نەورۆز و سلێمانی تێکەڵ ناکرێنەوە. هەردوو یانەکە دوو سیما و سیمبوولی شاری سلێمانین و وەکو یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، هەوڵی ئاسانکاریی تەواویان بۆ دەدەین.

بەرپرسە باڵاکە روونیکردەوە، هەندێک بڕیاری سەرەتایی دراون بەڵام هیچ شتێکی کۆنکرێتی نییە؛

تاوەکو ئێستا بڕیارێکی یەکلاییکەرەوە لەبارەی چارەنووسی یانەی نەورۆز نەدراوە. پاڵپشتیکردنی یانەیەکی گەورەی وەکو نەورۆز پێویستی بە پلانێکی گەورە و تۆکمە هەیە، بۆیە لەوانەیە تاوەکو چەند رۆژێکی دیکە، وێنەکە زیاتر روونببێتەوە، ئەوکات هەموو شتێک ئاشکرا دەکرێت.

کاپیتانۆ چی دەڵێت؟

محەمەد دلاوەر بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند، یانەی نەورۆز سیمبوولێکی جوانی شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستانە و دەبێ هەمووان پاڵپشتی سەرخستنی بکەن.

کاپیتانۆی نەورۆز هیواخوازە یانەی نەورۆز بەم هاوکێشەی ئێستای کارگێڕی و هونەری بەردەوامبێت، تاوەکو باشترین ئەنجامی لە وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق هەبێت.

دوای ئەوەی تۆڕی وەرزشی یاریگا، پلانەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانی بۆ دووبارە رێکخستنەوەی یانەی نەورۆز ئاشکراکرد، نیگەرانییەکی زۆر لە نێو بەشێک لە یاریزانانی یانەکە دروستبووە و داوای دەستکاری نەکردنی هەیکەلیەتی ئێستای یانەکە دەکەن.

محەمەد دلاوەر لە مێرکاتۆی هاوینەی ئەمساڵ چەندین ئۆفەری لە یانەکانی بەغدا و دەرەوەی عێراق پێگەیشت، بەڵام بەهۆی بوونی پەیوەندییەکی تۆکمە لەگەڵ یانەکە، بڕیاری مانەوەی لە یانەکەدا.

تۆڕی وەرزشی یاریگا هەوڵی زۆری بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی محەمەد دلاوەر لە یانەی نەورۆزدا و ئەویش لە وەڵامدا بەڕوونی گوتی؛

نەورۆز ماڵی منە و بەردەوام هەموو شتێکم لەپێناو سەرخستنی یانەکەدا کردووە.

بەهیچ شێوەیەک نامەوێت گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەم دوواییەی سلێمانی کاریگەری لەسەر یانەکە دروستبکەن، چونکە یانەکە لەسەر رێچکەیەکی تەندروستە و دەبێ هەمووان پاڵپشتی بکەن.

هیوایەکی زۆرم بە مانەوەی هەیکەلیەتی ئێستای یانەکە وەکو خۆی هەیە، تاوەکو بە باشترین شێوە خۆمان بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئامادە بکەین.

ئەگەر گۆڕانکاری ریشەیی لە یانەکەدا بکرێت، لەوانەیە پێچەوانەی دیدگای وەرزشی من بێت و ئەوکاتە بڕیارێکی دیکە لەسەر داهاتووی خۆم بدەم.

کاپتنە لاوەکەی یانەی نەورۆز لە کۆتاییدا پەیامێکی ئاڕاستەی هاندەرانی یانەی نەورۆز کرد؛

یانەی نەورۆز یانەی هەموو خەڵکی کوردستانە و دەبێ بە هەمووان پاڵپشتی بکەین. بە هەموو کاردانەوەکان ئەرێنی بن و چاومان لە باشترین بێت بۆ یانەکە.

نەورۆز یەکێکە لە دیارترین یانەکانی عێراق و کوردستان، یانەکە سەرەتا لە ساڵی 1994 بە ناوی یانەی ئەزمەڕ دامەزرا، دواتر لە ساڵی 2008 لەگەڵ یانەی کەمال سەلیم یەکیانگرتەوە و ناوەکەی کرایە نەورۆز. یانەکەی شاری هەڵمەت و قوربانی خاوەنی یەکێک لە جوانترین یاریگاکانی عێراقە و بە ئانفیڵدەکەی کوردستان ناوبانگی دەرکردووە.

نەورۆز لە 3ی یۆلیۆ/تەمووزی ساڵی 2021 بۆ یەکەمجار لە مێژوودا گەیشتە خولی ئەستێرەکانی عێراق. لە وەرزی رابردوودا بەکۆکردنەوەی 53 خاڵ پلەی نۆیەمی بەدەستهێنا.

بابەتی زیاتر

Back to top button