ئاسیاعێراقگرنگترین

یونس مه‌حمود؛ له‌ عێراق شه‌ڕم له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و كێشه‌م له‌گه‌ڵ عه‌دنان درجال هه‌یه‌

ئامانجه‌كانم له‌ پۆستی جێگری سه‌رۆكی فیدراسیۆن گه‌وره‌تره‌

Yariga App

یاریگا –

یونس مەحمود، جێگری سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق، دیدگای خۆی بۆ کاری یەکێتی تۆپی پێی عێراق دیاریکرد لە حاڵەتێکدا کە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی یه‌كێتیه‌كه‌ سه‌ركه‌تن به‌ده‌ست بهێنێت.

مەحمود لەگەڵ هەریەک لە عەدنان درجال و ئه‌یاد بنیان کێبڕکێ دەکات لەسەر پۆستی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، کە بەهۆی رێنماییەکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بۆ كاتێكی نادیار هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ دواخرا.

یونس مەحمود لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە بارەگای یەکێتی تۆپی پێی عێراق كرا گوتی، ئاواتەکانم لە پۆستی جێگری سەرۆک گەورەترن، بەڵێ لە کارکردن لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی عەدنان دەرجال هاوڕا نیم، بۆیە بڕیارمدا بچمە ناو کێبڕکێی سەرۆکایەتی یەکێتیه‌كه‌ و کێبڕکێی لەگەڵ بکەم، بە راشکاوی هیچ کێشەیەک لە نێوان من و عەدنان درجال نییە، ماوەیەکی کەم پێش ئێستا پێکەوە دانیشتین و لەسەر زۆر شت قسەمان کرد، به‌ڵام له‌سه‌ر شێوازی كاركردنمان ناكۆكین.

زیاتر گوتی،

هەندێک شت بە بێلایەنی لە میدیاکاندا بڵاونەکرانەوە، لەوانە پرسی ئەو نووسراوه‌ی کە لەلایەن حه‌فت ئەندامەوە پێشکەش بە سەرۆکایەتی یەکێتیه‌كه‌ کرا، له‌ میدیاكان واباسكرا وەک داوایەکه‌ بۆ سڕکردنی کاری سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق، بەڵام لە راستیدا داوایەک بوو بۆ پرسیارکردن لە هۆکارەکانی لەکارلادانی سەرۆکی لیژنەی تانەکانی هەڵبژاردن و هەندێک نیگەرانیمان هەبوو لە بوونی پێشێلکاری یاسایی بەهۆی ئەم بابەتەوە و ڕوونکردنەوەیەکی یاساییمان دەویست.

ئاماژەی بەوەشكرد،

بەرنامەی هەڵبژاردنم بەم زووانە ئاشكرا دەکەم، واقیعی و جێبەجێکراو دەبێت لە عێراق، دیدگایەکی جیاوازم هەیە لە دیدگای عەدنان درجال، کە پشت بە پێویستی زیادکردنی بودجەی یەکێتیه‌كه‌ دەبەستێت، ئەم بابەتە نوێ نییە. چونکە لە ماوەی ڕابردوودا چووینە لای هەندێک پەرلەمانتار و ئەوان دژی ئەم بیرۆکەیە نەبوون و پاڵپشتیان كردین، بەڵام پڕۆژەکە ڕووبەڕووی هەندێک ئاستەنگ بووەوە و دواتر بڕیارمدا بکشێمەوە و کاری پێ نەکەم، بۆ ئەوەی وەک بیرۆکەیەکی دواخراو بمێنێتەوە کە چاوەڕێی جێبەجێکردنیم لە داهاتوویەکی نزیکدا.


هەروەها گوتی،

هەندێک دەڵێن یونس مەحمود شارەزایی کارگێڕی نییە، ئایا ئەوە عەقڵانییە کە تەنها یونس شارەزایی نه‌بێت لە کاتێکدا هەموو ئەوانی تر شارەزاییان هەیە، پێموایە لێرەدا مه‌به‌سته‌كه‌ به‌ ئامانجگرتنه‌، من داوای دەرفەتێک دەکەم، بۆچی ئەمە بۆ ئەوانی تر ڕێگەپێدراو بێت و بۆ من نا؟ بەداخەوە هێشتا هەندێک کەس بە هەمان ڕێبازی کۆن بەردەوامن، هیوادارم ئەوان دەرفەتی تەواو بدەن بە گەنجان. من یەکێکم لەوان، و بیرۆکەی باشم هەیە کە چاوەڕێی جێبەجێکردنیم و پێویستم بە پشتگیرییە.


ئه‌ستێره‌كه‌ی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق گوتیشی،

لە قەتەر قەدری من دەزانن و هانم دەدەن چونکە لەوێ یارییم کردووە، لە عێراق شەڕم لەگەڵ دەکرێت، ئەم بابەتە شۆکێکی گەورەی بۆ من دروستکرد، گلەیی زۆرم لەوانەیە کە ئەم کارە دەکەن لە ناوەندی وەرزشی و دەرەوە، هیوادارم سەیری کارەکانم بکرێت و دەرفەتی تەواوم پێبدرێت، دواتر ئامادەم بۆ رەخنەگرتن كه‌ هه‌ركه‌سێك كارێكی خراپم لێببینێت، پێموایە من تەنها کەسم کە وەک باڵوێزێک نوێنەرایەتی عێراقم کردووە لە جامی جیهانی، دەمەوێت خزمەتی وڵاتەکەم بکەم لە کاری کارگێڕیدا، ئەمەش مافێکی رەوایە بۆ هەمووان.

تاوه‌كو ئێستا کاتێك بۆ هەڵبژاردنەکانی یەکێتی تۆپی پێی عێراق دیارینەکراوە، چونکە یەکێته‌كه‌ چاوەڕێی گەیشتنی لیژنەیەک لە فیفا دەکات، كه‌ بڕیاره‌ له‌ مانگی ئەیلولی داهاتوو بۆ دەرکردنی ڕێنماییە پێویستەکان دوای وەرگرتنی زانیاری لەسەر بوونی پێشێلکاری کارگێڕی بڕیار له‌سه‌ر واده‌یه‌كی نوێی هه‌ڵبژاردنه‌كانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بده‌ن.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button