ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌راپۆرتی تایبەتگرنگترین

رۆدریگۆ بۆ ئاڵۆنسۆ؛ قسە و کردارەکانت وەکو یەک نین

یاریی داهاتوو یەکلاییکردەوە دەبێت..

Yariga App

یاریگا –

قسە و کردارەکانی چابی ئاڵۆنسۆ، بەرامبەر رۆدریگۆ وەکو یەک نین و ئەوەی دەیڵێت جێبەجێی ناکات.

چابی ئاڵۆنسۆ لەوکاتەوەی بووەتە راهێنەری ریال مەدرید بەردەوام باسی لەوە کردووە، رۆدریگۆ یاریزانێکی گرنگە بۆی، پشت بە تواناکانی دەبەستێت، تەنانەت لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی بەر لە دوایین یاریی یانەکە بەرامبەر ئۆساسۆنا رایگەیاند %100 پشت بە تواناکانی ئەستێرە بەڕازیلییەکە دەبەستێت.

بەڵام یارییەکە دەستیپێکرد و رۆدریگۆ لەسەر کورسی یەدەک بوو، لە کۆتا خولەکەکان رۆدریگۆ دەستی بە خۆ گەرمکردنەوە کرد و هاندەران بڕوایان وابوو ئەمە کۆتایی بە دەنگۆکان دەهێنێت و مانەوەی یاریزانەکە لە مەدرید مسۆگەر دەکات، بەڵام ئاڵۆنسۆ هەمووانی شۆککرد و داوای لە رۆدریگۆ کرد واز لە خۆ گەرمکردنەوە بهێنێت و بچێتەوە سەر کورسی
یەدەک، یەک خولەکیش دەرفەتی یاریکردنی پێنەدرا.

رۆدریگۆ لە یاریی بەرامبەر ئۆساسۆنا

لەوکاتەوەی ئاڵۆنسۆ بووتە راهێنەری ریال مەدرید رۆدریگۆ تەنیا یەک یاریی لە پێکهاتەی سەرەکی بووە. لە جامی جیهانی یانەکان لەکۆی شەش یاریی تەنیا لە سێ یاریی بەشداریی کرد، بەکۆی گشتی تەنیا 93 خولەک دەرفەتی یاریکردنی پێدرا.

لە یەکەم یاریی لالیگاش بەشداریی نەکرد و بەشێوەیەکی گشتی لەو حەوت یارییەی چابی ئاڵۆنسۆ راهێنەری ریال مەدرید بووە رۆدریگۆ تەنیا 93 خولەک یاریی کردووە.

رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، ئەگەر لە یاریی داهاتووی ریال مەدرید بەرامبەر ریال ئۆڤیدۆ، چابی ئاڵۆنسۆ یاریی بە رۆدریگۆ نەکات ئەوا نێوان ئەستێرە بەڕازیلییەکە و ریال مەدرید کۆتایی دێت و رۆدریگۆ لە کۆتا هەفتەی بازاڕی گواستنەوە ماڵاوایی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەکات.

مانچێستەر سیتی و ئارسیناڵ چاویان لەسەر رۆدریگۆیە، بەڵام بەگوێرەی دوایین زانیارییەکانی رۆژنامەنووسی ئاتلێتیک دەیڤد ئۆرنشتاین، ئارسیناڵ لە گرێبەستەکە کشاوەتەوە و مانچێستەر سیتی زیاتر لە گواستنەوەی نزیکە.

رۆدریگۆ لە هاوینی ساڵی 2019 لە یانەی سانتۆسەوە پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد و چەندین نازناوی گەورەی لەگەڵ یانە شاهانەکە بەدەستهێناوە.

یاریزانە بەڕازیلییەکە تاوەکو ئێستا 270 یاریی بۆ ریال مەدرید کردووە، خاوەنی 68 گۆڵ و 51 ئەسیستە. رۆدریگۆ 33 یاریی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی بەڕازیل کردووە و خاوەنی حەفت گۆڵە.

رۆڵی ماستانتونۆ چییە و رۆدریگۆ بەڕێدەکات؟

 

بابەتی زیاتر

Back to top button