ئینگلتەرابازاڕی گواستنه‌وه‌راپۆرتی تایبەتگرنگترین

ئیزاک هەڵوێستێکی توند لە دژی نیوکاسڵ یونایتد دەنوێنێت

خەریکە کێشەکە دەگاتە 'مریشکە رەشە'

Yariga App

یاریگا –

پێدەچێت یەکلاییکردنەوەی کەیسی ئالێکساندەر ئیزاک و نیوکاسڵ یونایتد کاتێکی زیاتر بخایەنێت.

دوێنێ سێشەممە، ئیزاک و نیوکاسڵ یونایتد بەیاننامەی توندییان لەدژی یەکتر بڵاوکردەوە، سەرەڕای هەڕەشەکان، دۆخەکە وەکو خۆی ماوەتەوە.

سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، ئیزاک تاوەکو ئێستا نەگەڕاوەتەوە مەشقەکان و ئەمڕۆش بەشداری یەکەی مەشقی بەیانیانی ماگپایسی نەکردووە.

یاریی داهاتووی نیوکاسڵ بەرامبەر لیڤەرپوول و دووشەممە کاتژمێر 22:00 بەکاتی هەولێر لە یاریگای سەینت جەیمسس پارک، میوانداری کەتیبەکەی ئارنە سڵۆت دەکات.

بەیاننامەکەی ئیزاک

ماوەیەکی زۆرە بێدەنگم، لەکاتێکدا ئەوانی دیکە قسەی خۆیان کردووە. بێدەنگییەکەی من وایکرد خەڵکانێک چیرۆکی خۆیان بڵێن، بەبێ ئەوەی بزانن لە پشت دەرگا داخراوەکان چی گووتراوە و لەسەر چی رێککەوتووین.

بەڵێندرا و یانەکەش ماوەیەکی درێژە هەڵوێستی من باش دەزانن. بۆیە ئێستا بڕیاری قسەمدا، چونکە خەریکە بابەتەکە بەلاڕێدا دەبرێت.

کاتێک پەیمانەکان دەشکێندرێن و متمانە نامێنێت، ناکرێ پەیوەندییەکان بەردەوام بن. ئێستا من لەو دۆخەدام، بۆیە گۆڕانکاری لە بەرژەوەندی هەموواندایە، نەک بە تەنیا خۆم.

وەڵامی توندی نیوکاسڵ

هێرشبەرە سویدییەکە بەشداری لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی باشترینەکانی پرێمەرلیگی وەرزی رابردوو نەکرد، کە شەوی دوێنێ سێشەممە لە مانچێستەر بەڕێوەچوو، بەڵکو بەیاننامەیەکی توندی لە پلاتفۆڕمەکان بڵاوکردەوە.

ئیزاک، 25 ساڵ نیوکاسڵی بە شکاندنی پەیمانەکان وەسفکرد و داوای رێگەدان بۆ جێهێشتنی یانەکە کرد.

چەند کاتژمێرێک دوای روونکردنەوەکەی ئیزاک، نیوکاسڵ بە بەیاننامەیەک بەتوندی وەڵامی ئیزاکی دایەوە و دووپاتیکردەوە، ئەم هاوینە دەمێنێتەوە.

بە بڵاوبوونەوەی پۆستێکی ئالێکساندەر ئیزاک لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی نیگەران بووین.

بەڕوونی لە وەڵامدانەوەی ئەلێکس روونکردنەوەتەوە، ئەلێکس گرێبەستی لەگەڵ ئێمەدا هەیە، هیچ بەرپرسێکی یانەکە بەڵێنی دەستبەرداربوونی بە ئیزاک لەم هاوینەدا نەداوە.

دەمانەوێت پارێزگاری لە باشترین یاریزانەکان بکەین، بەڵام لە هەمان کاتدا لە حەزی و ویستی یاریزانان تێدەگەین و دەمانەوێت گوێ لە دیدگاکانیان بگرین.

وەک ئەوەی بۆ ئەلێکس و بەڕێوەبەری کارەکانی روونکراوەتەوە، دەبێ بەردەوام بەرژەوەندی نیوکاسڵ یونایتد و هاندەران لە هەموو بڕیارێک لەبەرچاو بگرین.

روونمانکردووەتەوە، مەرجەکانی فرۆشتن لەم هاوینەدا بەدی ناهێن و پێمان وانییە مەرجەکان بەدیبهێن.

ئەمە یانەیەکی تۆپی پێی و شانازی بە نەریتەکانی مێژوویی خۆی دەکات، هەموو هەوڵێک دەدەین، پارێزگاری لە ناسنامەی خێزانیمان بکەین.

ئەلێکس وەکو بەشێکی خێزانەکە دەمێنێتەوە و هەرکاتێک ئامادەبوو، جارێکی دیکە پێشوازی لێدەکەینەوە.

کڕۆکی کێشەکە چییە؟

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاتلێتیک، ئاماندا ستاڤڵی، خاوەنی پشکی کەمینەی یانەکە، چەند مانگێک بەر لە وازهێنانی لە یانەکە، مەرجە نوێیەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی لەگەڵ ئیزاک باس کردبوو، بەڵام لە یۆلیۆ/تەمووزی ساڵی 2024 لە یانەکە نەماوە و هەموو شتێک گۆڕا.

ئاماندا ستاڤڵی، خاوەنی پشکی کەمینەی پێشووی نیوکاسڵ یونایتد

دواتر پۆڵ میشێل، وەکو بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە دەستبەکاربوو، بەگوێرەی ئەو زانیارییە داراییانەی پێشکەشی پۆڵ کرابوون، نیوکاسڵ توانای بەرزکردنەوەی مووچەی هیچ یاریزانێکی نەبوو، بۆیە گفتوگۆکانی دواخست.

هەرچەندە هێشتا چوار ساڵ بۆ بەسەرچوونی گرێبەستی ئیزاک ماون و مووچەی هەفتانەی ئێستای بریتییە لە 150 هەزار پاوەند و خاوەنی بەرزترین مووچەی یانەکەیە.

بڕیاربەدەستدانی یانەکە لەگەڵ پۆڵ میشێڵ هاوڕابوون، هەرچەندە لە کۆی گشتی بەرپرسانی یانەکە، هەمان بۆچوونیان نەبوو. نیوکاسڵ بڕیاریدابوو، تاوەکو چارەسەرکردنی کێشەکانی دارایی و هاوتەریب بوون لەگەڵ رێساکانی یاریی خاوێن، هیچ هەنگاوێک بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی ئیزاک نەنێن.

دوای بەدەستهێنانی پلەی پێنجەمی پرێمەرلیگ و گەیشتنیان بە چامپیۆنزلیگ، نیوکاسڵ رێگەی بە چوونە دەرەوەی میگێل ئالمیرۆن، ڵۆید کێڵی و شۆن ڵۆنگستافدا، ئەوکاتە نیوکاسڵ بۆشاییەکی زۆری بۆ زیادکردنی مووچەی ئیزاک هەبوو، تاوەکو بیکاتە خاوەن بەرزترین مووچە لە مێژووی یانەکەدا.

بەرپرسانی باڵای یانەکە دووپاتیدەکەنەوە، ئەم پەیامە بەڕوونی گەیێندراوەتەوە تیمی ئیزاک و ویستی یانەکەیان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکە پشتڕاستکردەوە، بۆیە ئیزاک پێشبینی دەستپێکردنی گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەم هاوینەدا کرد، بەڵام رووینەدا.

دوای دواکەوتنی دەستپێکردنی گفتوگۆکان، نیگەرانی ئیزاک بەڕوونی و چەندیجار گەیێندرایە بەرپرسانی باڵای یانەکە، بەڵام کەیسی نوێکردنەوەی گرێبەست وەکو خۆی مایەوە، ئەمەش وایکرد ئیزاک یاخی ببێت و داوای چوونە دەرەوە بکات.

ئاتلێتیک دووپاتیدەکاتەوە، ئیزاک هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئێدی هاو، راهێنەری یانەکە نییە، بەڵکو هاو زۆر بەڕێزەوە لە دیدگای یاریزانەکەی رووانیوە، هەروەها ئیزاک کێشەی لەگەڵ سندووقی وەبەرهێنانی گشتی سعوودیەش نییە.

بابەتی زیاتر

Back to top button