چیرۆکی لیڤەرپوول و کریستال پاڵاس لەبارەی گێی گەیشتووەتە کوێ؟
دوایین پەرەسەندن بزانە

یاریگا –
چیرۆکی لیڤەرپوول و ماڕک گێی، بەرگریکاری کریستال پاڵاس نەگەیشتووەتە بەشی کۆتایی.
لیڤەرپوول لە گرنگیپێدان بە گێی جیددیە، بەڵام هیچ هەنگاوێکی فەرمی نەناوە و دەیەوێت بە کات کوشتن پاڵاس بە دەستبەرداربوون لە یاریزانەکە ناچار بکات.
تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێک لە گفتوگۆی نێوان لیڤەرپوول و کریستال لەبارەی گێی نەکراوە.
پاڵاس داوای بڕی 40 ملیۆن پاوەند دەکات و لیڤەرپوول بە هیچ شێوەیەک ئامادەنییە ئەو بڕە پارەیە لە یاریزانێک خەرجبکات، کە تەنیا یەک ساڵ بۆ بەسەرچوونی گرێبەستەکەی ماوە.
ئەمشەو کریستال پاڵاس لە قۆناخی پلەی ئۆفی گەیشتن بە کۆنفرانس لیگ میوانداری فرێدریکشتادی نەرویجی دەکات و پێنجشەممەی داهاتووش یاریی گەڕانەوە دەبێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سکای سپۆرتس، گێی بەشداریی یاریی ئەمشەو دەکات و ئەگەر هیچ بەرەوپێشچوونێکی دیکە روونەدات، ئەوا بەشداری لە یاریی گەڕانەوەش دەکات.
گێی لە هاوینی ساڵی 2021 لە چێڵسییەوە بەبڕی 23 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە پاڵاس کرد، پێشتر یاریی بۆ سوانزی سیتی کردبوو.
لە هاوینی رابردوودا، نیوکاسڵ یونایتد بڕی 70 ملیۆن پاوەندی بۆ گواستنەوەی دابینکرد، بەڵام پاڵاس ئۆفەرەکەی رەتکردەوە.
گێی 157 یاریی لەگەڵ کریستال پاڵاس کردووە و خاوەنی هەشت گۆڵ و چوار ئەسیستە. لەگەڵ پاڵاس نازناوەکانی قەڵخانی خێرخوازی و جامی یەکێتیی ئینگلتەرای بردووەتەوە.