تەواو؛ ئەستێرەیەک دەیەوێت پەیوەندی بە تۆتنهام بکات
بە فەرمی یانەکەی ئاگادارکردووەتەوە

یاریگا –
سەرەڕای بردنەوەی دوو نازناو لە ماوەی ساڵێکدا، بەڵام کریستال پاڵاس ئامادەکاری بۆ کۆچی دوو یاریزانی گرنگ دەکات.
ماوەیەکی زۆرە باس لە چوونە دەرەوەی ئێبێرێچی ئیزێ و ماڕک گێی لە یانەکەی باشووری لەندەن دەکرێت و پێدەچێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا، یانەکە دوو لە گرنگترین یاریزانەکانی لەدەستبدات.
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەنووسی دیاری مێرکاتۆی یاریزانان بڵاویکردووەتەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا، ئیزێ نیازی جێهێشتنی پاڵاسی بە یانەکەی راگەیاندووە.
ئیزێ بە یانەکەی گوتوە، دەیەوێت پەیوەندی بە تۆتنهامەوە بکات و یاریزانە ئینگلیزییەکە، بەڵێی بە سپێرز داوە و پڕۆژەی یانە لەندەنییەکەی بەلاوە پەسندە.
تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی فەرمی رووینەداوە، بەڵام ئیزێ ئامادەیە بەخێرایی رێککەوتن لەسەر مەرجەکانی کەسی بکات و دواتریش یانەکەی بە پێدانی رەزامەندی رازیبکات.
ئیزێ یەکێکە لە دیارترین یاریزانانی ئێستای پرێمەرلیگ و لە هاوینی ساڵی 2020 لە کوینز پاڕک رێنجەرزەوە پەیوەندی بە پاڵاس کرد.
ئیزێ 12 یاریی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا کردووە و خاوەنی یەک گۆڵە.