ئینگلتەرابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

یاریزانێکی لیڤەرپوول لە بۆرنمس نزیکە

تەنیا راگەیاندنی فەرمی ماوە

Yariga App

یاریگا –

بۆرنمس لە گواستنەوەی یاریزانێکی لیڤەرپوول نزیکە.

تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، چەند یانەیەکی پرێمەرلیگ لە نزیکەوە چاودێری بێن دۆک، ئەستێرەی لاوی لیڤەرپوول دەکەن، بەڵام پێدەچێت بۆرنمس لە هەمووان نزیکتربێت.

پێنجشەممە بۆرنمس و برێنتفۆرد لەسەر گواستنەوەی دانگۆ ئۆتارا بەبڕی 37 ملیۆن پاوەند رێککەوتن و ئێستاش چاوی بڕیوەتە دۆک.

دۆک لە مارس/ئاداری ساڵی 2022 لە تەمەنی 16 ساڵیدا لە سێڵتکەوە پەیوەندی بە لیڤەرپوول کرد، پێشتر لەو تەمەنە بچووکەدا دوو یاریی بۆ یانەکەی پایتەختی سکۆتلاند کردبوو.

لە نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی ساڵی 2022 یەکەم یاریی فەرمی لەگەڵ لیڤەرپوول کرد، کاتێک وەکو یاریزانی یەدەک بەشداری لە یاریی بەرامبەر دێربی کاونتی لە قۆناخی سێیەمی جامی کاراباودا کرد.

دوای پێنج رۆژ لەو یارییە و لە ئاهەنگی 17 ساڵەی لەدایکبوونیدا، بۆ یەکەمجار گرێبەستێکی پیشەگەری لەگەڵ لیڤەرپوول واژۆکرد.

دۆک دوای واژۆکردنی گرێبەستەکە و لە یاریی بەرامبەر ئاستۆن ڤیلا لە پرێمەرلیگ، بووە بچووکترین یاریزانی سکۆتلاندی لە مێژووی پاڵەوانیەتییەکەدا یاریی بکات.

لە ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی ساڵی 2023 گرێبەستەکەی لەگەڵ لیڤەرپوول نوێکردەوە و ناوی لە لیستی BBC بۆ باشترین وەرزشوانانی لاوی ساڵ هاتبوو.

لە وەرزی رابردوودا، دۆک بە خواستن یاریی بۆ میدلزبڕۆ لە چامپیۆشیپ کرد. خاوەنی سێ گۆڵ و حەفت ئەسیستبوو لە 24 یاریدا.

دۆک دەبێتە چوارەم گرێبەستی ئەم هاوینەی بۆرنمس دوای گواستنەوەی هەریەکە لە دۆردی پێترۆڤیچ، ئادریێن تروفێرت و بافۆدێ دیاکیتێ.

بابەتی زیاتر

Back to top button