ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

سەردەمێکی نوێ؛ ماستانتونۆ بەڵێنێکی گەورە بە هاندەرانی ریال مەدرید دەدات

رۆژێکی زۆر تایبەتە بۆ هەموو خانەوادەی مەدریدیستا

Yariga App

یاریگا –

لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ ، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید، بە فەرمی پێشوازی لە ئەستێرەی لاوی ئەرجەنتینی، فڕانکۆ ماستانتونۆ کرد.

لە كاتی ناساندنی یاریزانه‌كه‌ پێرێز چه‌ند قسه‌یه‌كی كرد كه‌ تێکەڵەیەک بوو لە شانازی، هیوا و ستراتیژی یانەکە، پپەیامێکی روونیشی بۆ جیهانی تۆپی پێ نارد.

سه‌ره‌تا سه‌رۆكی ریال مه‌درید به‌ بەخێرهاتنێکی گەرمی یاریزانه‌كه‌ ده‌ستی به‌ قسه‌كانی كرد و گوتی، ئەمڕۆ رۆژێکی زۆر تایبەتە بۆ هەموو خانەوادەی مەدریدیستا، ئێمە پێشوازی لە بەهرەیەکی گەنج دەکەین کە لە تەمەنێکی زۆر کەمەوە بڕیاریدا خەونەکانی لەم یاریگایەدا بەدی بهێنێت. فڕانکۆ، بەخێربێیت بۆ ڕیاڵ مەدرید، بەخێربێیت بۆ ماڵەکەت.”

سەرۆکی ڕیاڵ مەدرید ستایشی تواناکانی ماستانتونۆی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە سەرەڕای ئەوەی گەورەترین یانەکانی ئەوروپا هەوڵی گواستنەوەیان داوە، ئەو ڕیاڵ مەدریدی هەڵبژاردووە و گوتی،

فڕانکۆ، تۆ لە نێوان چەندین بژاردەدا، بڕیارتدا درێسی سپی بپۆشیت. ئەمە نیشانەی پابەندبوون و تێگەیشتنە لەوەی کە یاریکردن بۆ ڕیاڵ مەدرید مانای چییە. تۆ بەهرەیەکی سروشتیت هەیە کە هاندەرانمان تامەزرۆی بینینیەتی، بەڵام گرنگتر لەوە، تۆ خاوەنی کاراکتەر و ئیرادەیەکی بەهێزیت.


پێرێز جارێکی دیکە جەختی لەسەر ستراتیژی یانەکەی کردەوە کە بریتییە لە کۆکردنەوەی باشترین بەهرە گەنجەکانی جیهان شانبەشانی ئەستێرە گەورەکان و گوتی،

هاتنی فڕانکۆ بەشێکە لەو ستراتیژییەی کە ساڵانێکە کاری لەسەر دەکەین، ئێمە پڕۆژەیەک بۆ ئێستا و داهاتوو بنیات دەنێین. پڕۆژەیەک کە لەسەر بنەمای بەهرەی گەنجی وەک تۆ، شانبەشانی ئەزموونی یاریزانە گەورەکانمان دامەزراوە. ئەم تێکەڵەیە کلیلی سەرکەوتنەکانمان بووە و دەبێت.”


سەرۆکی ریال مه‌درید رووی قسەکانی کردە هاندەران و دڵنیایی پێدان کە یانەکە بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ بەهێزترکردنی تیمەکە

دەزانم ئێوە هەمیشە چاوەڕوانی زیاترن، ئەمەش گەورەیی ڕیاڵ مەدرید نیشان دەدات، دڵنیابن کە ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ ئەوەی تیمێکمان هەبێت کە شایستەی ئەم درێسە و ئەم مێژووە بێت، فڕانکۆ یەکێکە لەو یاریزانانەی کە لە داهاتوودا دڵخۆشمان دەکات.”

لەکۆتاییدا، پێرێز بە چەند وشەیەک ئامۆژگاریی ماستانتونۆی کرد:

“فڕانکۆ، تۆ گەیشتوویتە گەورەترین یانەی جیهان. لێرە، فشار زۆرە، بەڵام پاداشتەکەشی گەورەیە. بە ماندووبوون، خۆبەختکردن و ڕێزگرتن لە بەهاکانی ئەم یانەیە، تۆ دەتوانیت ناوی خۆت لە مێژوودا بنووسیت. ئێمە هەموومان پشتگیریت دەکەین.”

دواتر یاریزانه‌ لاوه‌كه‌ی ریال مه‌درید فرانكۆ ماستانتۆنۆ به‌ تێکەڵەیەک لە شەرم و دڵخۆشیی پێوە دیاربوو، فڕانکۆ ماستانتونۆ لە تەنیشت فلۆرێنتینۆ  پێرێزەوە وەستا و یەکەم قسه‌ی ئه‌وه‌بوو، ئەمە خەونی منداڵیم بوو، بەڵێن دەدەم هەموو توانام بەکاربهێنم

ماستانتونۆ گوتی،

سەرەتا، سڵاو لە هەمووتان، زۆر سوپاسی سەرۆک دەکەم بۆ قسە جوانەکانی و بۆ ئەو متمانەیەی کە بە منی بەخشی. هەروەها سوپاسی خانەوادەکەم دەکەم کە هەمیشە پاڵپشتم بوون و یارمەتییان داوم بگەمە ئێرە.


یاریزانە ئەرجەنتینییەکە بە سادەیی باسی لەوە کرد کە گەیشتن بە ڕیاڵ مەدرید لووتکەی خەونەکانی بووە رایگه‌یاند،

راستییەکەی، وشەم نییە بۆ دەربڕینی هەستەکانم، یاریکردن بۆ ڕیاڵ مەدرید خەونی هەر منداڵێکە کە یاریی تۆپی پێ دەکات، من لە منداڵییەوە سەیری یارییەکانی ئەم یانەیەم کردووە و هەمیشە خەونم بەم ڕۆژەوە بینیوە. ئەمڕۆ لێرەم و هێشتا باوەڕ ناکەم.”


ماستانتونۆ بەڵێنیدا کە درێغی نەکات لە پێشکەشکردنی باشترین ئاست بۆ یانەکە:

دەزانم گەیشتوومەتە گەورەترین یانەی جیهان و داواکارییەکان لێرە زۆرن. من هاتووم بۆ ئێرە بۆ ئەوەی فێر بم، گەشە بکەم و یارمەتیی تیمەکە بدەم. بەڵێن دەدەم لە هەر مەشقێک و لە هەر یارییەکدا 100٪ی توانای خۆم بەکاربهێنم و شەڕ بۆ ئەم درێسە بکەم.”

 

لەکۆتاییدا، بە چەند وشەیەکی کورت باسی لە ئامانجەکانی کرد:

 هیوادارم بتوانم لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی سەرۆک، ڕاهێنەر و هاندەراندا بم. دەمەوێت لەگەڵ ئەم یانەیەدا نازناوی زۆر بەدەستبهێنم و ببمە بەشێک لە مێژووی گەورەی ڕیاڵ مەدرید. زۆر سوپاس… هالا مەدرید!”

بابەتی زیاتر

Back to top button