ئینگلتەرا

تۆتنهام هێرش دەکاتە سەر بەشێک لە هاندەرانیان

Yariga App

یانەی تۆتنهام هۆتسپێرز بەتوندی رەخنە لە هاندەرانی یانەکەیان دەگرێت پاش سوکایەتی رەگەزپەرستی بە یاریزانێکیان.

شەوی رابردوو تۆتنهام تەنها دوو خولەک دووربوو لە بردنەوەی جامی سوپەری ئەورووپا بەرامبەر پاریس بەڵام گۆڵی بەرامبەریان لێ تۆمارکرا و دواتریش بە لێدانی یەکلاکەرەوە دۆڕان.

لە لێدانە یەکلاکەرەوەکان ماتیس تێل یەکێک بوو لەو یاریزانانەی گۆڵی نەکرد و بووە هۆکاری دۆڕانی یانەکەی. ئەمەش وایکرد ئەو یاریزانە رووبەرووی سوکایەتی و هەڕەشەو رەخنەی توند ببێتەوە لەلایەن هاندەرانی یانەکەیەوە.

هێرشێکی قێزەون کراوەتە سەر ماتیس تێل لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دوابەدوای دۆڕانەکەی شەوی رابردووی جامی سوپەری ئەورووپا.

ماتیس غیرەت و ئازایەتی نیشاندا کاتێک هاتە پێش و لێدانێکی یەکلاکەرەوەی جێبەجێکرد. ئەو کەسانەی سوکایەتی پێدەکەن هیچ نین جگە لە کەسانی ترسنۆک کە لە ژێر ناوی خوازراودا خۆیان شاردووەتەوەو بۆچوونە پیسەکانیان دەڕژێنن.

ئێمە لەگەڵ پۆلیس و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردەکەین بۆ ئەوەی قورسترین سزای ئەو کەسانە بدەین کە دەتوانین بیاندۆزینەوە.

ئێمە لەگەڵتین، ماتیس

ناوبراو وەرزی رابردوو بە خواستن لە بایەرن میونشنەوە روویکردە تۆتنهام، دواتر سپێرز گرێبەستی ئەو یاریزانەی کردە هەمیشەیی. بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو ئاستە نیشان بدات کە لێی چاوەڕواندەکرا و لە زۆربەی یارییەکاندا لەسەر کورسی یەدەگە.

بابەتی زیاتر

Back to top button