
یاریگا –
جۆ گۆمێز بەر لە دەستپێکردنی وەرزی نوێی پرێمەرلیگ، مەشقەکانی لەگەڵ لیڤەرپوول دەستپێکردەوە و لەوانەیە ناوی لە لیستی یاریزانانی سبەی هەینی بەرامبەر بۆرنمسدا هەبێت.
بەرگریکارە ئینگلیزییەکە بەهۆی پێکانی پاژنەپێ، بەشداری لە گەشتی ئامادەکاری وەرزی نوێ لەگەڵ یانەکەی نەکرد، ناچاربوو بە تەنیا لە مێرسیساید چارەسەر وەربگرێت و خۆی ئامادەبکات.
بەرگریکاری 28 ساڵان بەشداری لە یارییە دۆستانەکەی لیڤەرپوول بەرامبەر ئیەسی میلان، یۆکۆهاما مارینۆس و ئاتلێتیک بیلباو نەکرد. هەروەها بەشداری لە یاریی کۆتایی قەڵخانی خێرخوازی بەرامبەر کریستال پاڵاسیش نەکرد.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، گۆمێز رووناکی سەوزی بۆ دەستپێکردنەوەی مەشقە بە کۆمەڵەکانی وەرگرتووە و لەوانەیە ناوی لە لیستی یاریی کردنەوەی وەرزی نوێی پرێمەرلیگ لە بەرامبەر بۆرنمس هەبێت.
دوای گواستنەوەی جاڕێڵ کوانسا بۆ بایەر لیڤەرکوزن، لیڤەرپوول خەریکی گواستنەوەی چەند بەرگریکارێکە و بەگوێرەی تۆڕ هەواڵی سکای سپۆرتس، درەنگانی شەوی رابردوو چوارشەممە، لیڤەرپوول و پارما لەسەر گواستنەوەی جیۆڤانی لیۆنی رێککەوتن.
لەلایەکی دیکەشەوە، لیڤەرپوول گفتوگۆی جیددی لەگەڵ کریستال پاڵاس بۆ گواستنەوەی مارک گێی دەستپێکردووە، بەڵام رووننییە لە مێرکاتۆی ئەم هاوینە دەیگوازێتەوە یاخود نا، چونکە گواستنەوەکەی پەیوەستە بە نرخ.