چێڵسی قازانجی مۆندیالی یانەکان دەداتە یاریزانێکی لەبیرکراو
هەر یاریزانێک چەند وەردەگرێت؟

یاریگا –
چێڵسی دوای بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی یانەکان، پاداشتێکی گەورەی یاریزانانی دەکات.
یانەکەی رۆژئاوای لەندەن لە یۆنیۆ/حوزەیرانی رابردوو، نازناوی مۆندیالی یانەکانی بردەوە، دوای سەرکەوتنی لە یاریی کۆتایی بەرامبەر پاریس سانجێرمان 3-0. چێڵسی لە کۆی گشتی داهاتەکانی دارایی 114.6 ملیۆن دۆلاری دەستکەوت.
دەستەی کارگێڕی چێڵسی بڕیاریداوە، بڕی 15.5 ملیۆن دۆلار بە یەکسانی بەسەر یاریزانانی بەشداربووی پاڵەوانیەتییەکە دابەش بکات.
هەر یاریزانێکی چێڵسی بڕی 500 هەزار دۆلار (50 دەفتەر) وەردەگرێت، بەڵام ئەمە بەدەرە لە گۆڕینی دراو لە دۆلارەوە بۆ پاوەند و لێدەرکردنی باج.
یانە لەندەنییەکە لە هەڵوێستێکی مرۆییدا، بڕیاریداوە هەمان بڕە پارە بداتە ماڵباتی دیۆگۆ جۆتا و ئاندرێ سیلڤای برای. هەردوو براکە لە 3ی یۆلیۆ/تەمووزی رابردوو لە رووداوێکی هاتووچۆ لە پارێزگای زامۆڕای ئیسپانیا گیانیان لەدەستدا.
چێڵسی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاری لەگەڵ خۆی بردەوە لەندەن و لەماوەی چوار هەفتەدا قازانجێکی دارایی گەورەیکرد. پاریس سانجێرمان 106.9 ملیۆن دۆلاری قازانجکرد و ریال مەدریدیش 82.5 ملیۆن دۆلار.
بەدەستهێنانی قازانجەکە وایکردووە، چێڵسی مێرکاتۆیەکی گەورەی یاریزانانی هەبێت، تاوەکو ئێستا هەریەکە لە جواو پێدرۆ، جەیمی گیتێنز، جۆڕڵ هاتۆ و لیام دێلاپ و چەند یاریزانێکی دیکەی گواستووەتەوە.
شەممە چێڵسی لە ستامفۆرد بریج لە گەڕی یەکەمی وەرزی 2025-26ی پرێمەرلیگ میوانداری کریستال پاڵاس دەکات.