
یاریگا –
بەڕێوەبەرانی بارسێلۆنا بەنیازن تیپی خانمانی یانەکەیان بکەنە قوربانی تیپی پیاوان.
ماوەی چەند ساڵێکە نزیکەی هەموو گواستنەوەیەکی گەورە لە بارسێلۆنا کێشەی پرۆسەی تۆمارکردنی لەگەڵدایە. هەرچەندە هەموو ئەو ئەستێرانەی تا ئێستا گرێبەستیان لەگەڵدا واژۆ کردوون درەنگ یان زوو مۆڵەتی یاریکردنیان وەرگرتووە، بەڵام هەمیشە یانەکە ناچار بووە هەموو هەوڵێک بدات بۆ پابەندبوون بە یاساکان.
هەرچەندە رۆژ بە رۆژ دۆخی دارایی یانەکە خراپتر دەبێت، دەیلی مەیلی بەریتانی بانگەشەی ئەوە دەکات کە خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەکە بڕیاریداوە پێکهاتەی تیپی خانمانی بارسا کەمبکاتەوە لەپێناو ئازادکردنی سەرچاوەی زیاتر بۆ تیپی پیاوان.
هۆکاری ئەم بڕیارە بڕیارێکی یاساییە لە لالیگا، بەگوێڕەی ئەم بڕیارە کەمکردنەوەی بودجەی تیپی خانمان و تیپەکانی دیکە پێکەوە دەتوانێت یارمەتی تیپی پیاوان بدات باڵانسی دارایی رابگرێت.
رۆژنامەی ئێکس کاتالونیا لە بڵاوکراوەیەکیدا دەڵێت، جانا فێرناندێز یانەکە جێدەهێڵێت. یاریزانەکەی هەلبژاردەی خانمانی ئیسپانیا کە یەکێکە لە بەرهەمە ئومێدبەخشەکانی ئەکادیمیا، بڕیارە گرێبەست لەگەڵ یانەی لەندەن سیتی لیۆنێزی ئینگلیزی واژۆ بکات.
فێرناندێز دەبێتە 14هەمین یاریزان کە لەم هاوینەدا بارسا بەجێبهێڵێت، لە کاتێکدا تەنیا دوو یاریزان پەیوەندییان بە بارساوە کردووە. دەگوترێت تیپی خانمان نیگەرانی داهاتووی خۆیەتی. لەگەڵ نەمانی فێرناندز تەنیا 17 یاریزان لە پێکهاتەکەدا دەمێننەوە. جگە لەوەش 9 یاریزان وەک ئەلێکسیا پوتیا و ماپی لیۆن لە هاوینی داهاتوودا گرێبەستیان کۆتایی دێت.
بەڵام هێشتا دیار نییە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی تیپی خانمان لە راستیدا چەند کاریگەری لەسەر تیپی پیاوان دەبێت. راپۆرتەکەی دەیلی مەیڵ ئاماژە بە پاشەکەوتکردنی 0.79 ملیۆن یۆرۆ دەکات، کە دەبێتە “دڵۆپێک لە زەریا” بۆ تیپی پیاوان.
تاوەکوو ئێستا خانمانی بارسێلۆنا یەکێکە لە باشترینەکانی جیهان. تیپەکە شەش وەرزی لەسەریەک توانی نازناوی خول بباتەوە و لە هەر پێنج ساڵی رابردووشدا گەیشتە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ. بارسا لە وەرزی 2021 و 2023 و 2024 نازناوەکەی بەدەست هێنا.