هۆیها لە پارتی کرا و سەرۆکی یانەکەش هاتەدەنگ

تۆماس پارتی یەکەم یاری بە درێسی ڤیاریاڵ ئەنجامدا و یارییەکەش بێ کێشە بۆی تێپەڕ نەبوو.
پارتی تۆمەتبارە بە پێنج کەیسی جیاوازی دەستدرێژی سێکسی و سێکسی زۆرە ملێ. لە هاوینی ئەمساڵدا روویکردە ڤیاریاڵی ئیسپانی و ئەمەش یانە ئیسپانییەکەی رووبەرووی هێرش و رەخنەی توند کردەوە.
پارتی لە یارییە دۆستانەکەی ڤیاریاڵ و ئەستۆل ڤیلا بەشداریکرد. هاندەرانی ئەستۆن ڤیلا یانە بە دەنگێکی بەرز هاهوویان لێکرد و هوتافیان لە دژی کێشا و بەشێک لە هاندەرانی یانەکەی خۆیشی بەشداربوون.
ئەمڕۆ سیزار پێنا سەرۆکی ڤیاریاڵ بۆ رۆژنامەنووسان وتی
کەیسی یاریزانەکە هێشتا لە دادگایە. ئەو سوورە لەسەر ئەوەی بێ تاوانە لەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیی. ئێمەش سیاسەتی بێ تاوانە تاوەکو دەسەلمێندرێت جێبەجێ دەکەین. ئەوە ئەرکی دادگایە کە بڕیار بدات ئەو تۆمەتبارە یاخود نا. ئێمە ساڵانێکی زۆرمان بەسەربردووە تاوەکو بەهاکانی خۆمان نیشان بدەین و یەکێک لەوانیش ئەوەیە کەس تۆمەتبار نەکەین پێشوەختە.
بەگوێرەی دادگای وێستمینیستەری بەریتانیا، پارتی سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە لەلایەن سێ ئافرەتەوە بە تۆمەتی پێنج کەیس. چواریان سێکسی زۆرە ملێن و یەکێکیش دەستدرێژی سێکسییە.
ڤیاریاڵ رۆژی هەینی داهاتوو یەکەم یاری وەرزی نوێی لالیگا ئەنجام دەدات. پارتیش لە سەرەتای مانگی نۆ دا دەبێت لەبەردەم دادگا ئامادەبێت.