
یاریگا –
بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی رووداوە نەخوازراوەکانی نێوان هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ، کۆمەڵێک بڕیاری گرنگدران.
عەبدوڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک و عەمار فەرهاد، سەرۆکی یانەی زاخۆ بە ئامادەبوونی سەردار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی وەرزشی هەرێمی کوردستان لە هەولێر چەندین تەوەری هەستیاریان تاوتوێکرد.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، هەردوو یانە لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتوون و هەموو هەوڵێک بۆ سەرخستنی رێککەوتنەکە دەدەن.
هەردوو یانەکە داوای هەڵوێستێکی توندی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان لەدژی بڕیارەکانی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کردووە، تاوەکو پاڵپشتی سیاسییان بۆ کەمکردنەوە و لابردنی سزاکان هەبێت.
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان سەرۆکانی هەردوو یانەکە، لەمەو دوا هەردوو یانە نابێ یاریزانی پیشەگەر/بیانی لەیەکتر ببەن، واتە ئەو یاریزانە پیشەگەرەی (دەرەوەی عێراق) یاریی بۆ دهۆک بکات، نابێ زاخۆ گفتوگۆ و گرێبەستی لەگەڵدا بکات و بە پێچەوانەشەوە.
لە خاڵێکی دیکەی رێککەوتنەکە هاتووە، دەبێ کارگێڕی هەردوو یانە بە توندترین شێوە هاندەرانی خۆیان لە دروستکردنی پشێوی و ئاڵۆز ئاگاداربکەنەوە، تاوەکو جارێکی دیکە رووداوی هاوشێوەی رابردوو روونەدەنەوە.