عێراقگرنگترین

خاڵی بێگەڕانەوە؛ گۆڤەند عەبدولخالق داوای دوورخستنەوەی عەدنان درجال دەکات

کەیسێکی یاسایی نوێ لە نێوانیان دروستبووە

Yariga App

یاریگا –

ئەمڕۆ سێشەممە، لێژنەی هەڵبژاردنی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ناوی بەربژێرانی هەڵبژاردنەکانی بەگوێرەی پۆستە جیاوازەکان بڵاوکردەوە.

دوای وردبینی و لێکۆڵینەوە، ئەمڕۆ ناوی تەواوی بەربژێران یەکلاییبووەوە و هەریەکە لە عەدنان درجال، سەرۆکی ئێستا و یونس مەحموود، جێگری سەرۆکی ئێستای فێدراسیۆنەکە و ئەیاد بنەیان، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەڵبژاردووە.

پێنج کورد خۆیان خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەربژێر کردووە و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ناوەکان، گۆڤەند عەبدولخالق، ئەندامی ئێستای فێدراسیۆنەکە و بەربژێری ئەندامێتیی لە هەڵبژاردنی داهاتوو، تانەی لە شێوازی خۆبەربژێرکردنی عەدنان درجالدا.

گۆڤەند عەبدولخالق، تانەی لە فایڵی بەربژێربوونی درجال داوە و بیانووەکەی بەمشێوەیە نووسیوە؛

عەدنان درجال وەکو ئەندامی دەستەی گشتی یانەی سیناعاتی کارەبایی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی فێدرااسیۆنی تۆپی پێ بەربژێرکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە ئەندامی دەستەی گشتی یانەی زەوڕایە و ئەمەش پێچەوانەی رێساکانی هەڵبژاردنە.

گۆڤەند عەبدولخالق لە تانەکە بەڕوونی باسی سەرپێچییەکانی درجالی کردووە؛

خۆکاندیدکردنی درجال پێچەوانەی حوکمەکانی ماددەی 7ی یاسای یانەکانی وەرزشی ژمارە 18ی ساڵی 1986ی هەموارکراوە.

بەگوێرەی ماددەکە، نابێ هیچ کەسێکی ئەندامی دوو یانەی جیاواز خۆی بەربژێربکات، چونکە ئەمە پێچەوانەی رێساکانی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و فێدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ‘فیفا’یە.

نابێ ئەو کەسەی خۆی بەربژێر دەکات، کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی زیاتر لە یەک یانە هەبێت.

گۆڤەند لە کۆتایی تانەکەیدا داوای لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوەی کردووە و لە هەمان کاتدا، داوای دوورخستنەوەی عەدنان درجالی لە هەڵبژاردنەکان کردووە.

پێشبینی چیدەکرێت؟

گۆڤەند عەبدولخالق سکاڵاکەی ئاڕاستەی لێژنەی تێهەڵچوونەوە کردووە و لێژنەکە دوو بژاردەی لەبەردەمە؛

  1. قبوڵکردنی تانە: ئەگەر بەڵگەکانی تانەکە بەهێزبن و پێشێلکاریی درجال بسەلمێندرێت، ئەوا دەستبەجێ بڕیاری دوورخستنەوەی درجال لە هەڵبژاردنەکان دەدرێت.
  2. رەتکردنەوەی تانە: ئەگەر لێژنەکە بگاتە ئەو بڕوایەی تانەکە بنەمایەکی یاسایی بەهێزی نییە، یاخود تیمی درجال بتوانن بەباشی بەرگری بکەن و بەر لە وادەی خۆبەربژێرکردن، وازهێنانی نووسراو لە یەکێک لەو دوو یانەیە بهێنن، ئەوا بابەتەکە وەکو خۆی دەمێنێتەوە و درجال بەردەوام دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، هەریەکە لە عەلی جەبار، سەرمەد عەبدولئیلا، فارس عەبدوڵا، ویسام یوسف، سەعد عەبدولحەمید و حەکیم شاکر، خۆیان بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی فێدراسیۆنی بەربژێر کردووە.

لەسەر ئاستی جێگری دووەمی سەرۆکی فێدراسیۆن، تەنیا محەمەد ناسڕ شەکروون و عەلی جەبار فازڵ خۆیان پاڵاوتووە.

ناوی تەواوی بەربژێرانی هەڵبژاردنەکانی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق

بڕیارە لە 16ی سێپتێمبەر/ئەیلوول (مانگی داهاتوو) هەڵبژاردنەکانی فێدارسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەڕێوەبچێت.

ناوی بەربژێرانی هەڵبژاردنەکانی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ئاشکرا کران

بابەتی زیاتر

Back to top button