
یاریگا –
یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا، لەدوای هێرشکردنەکەی لویس ئێنریکی بۆ سەر جواو پێدرۆ لە یاریی کۆتایی جامی جیهانی یانەکان، دواجار بڕیاریدا.
لەدوای ئەم رووداوە تا ئێستا پاریس سانجێرمان نیگەرانی سڕکردنی لویس ئێنریکی راهێنەری یانەکەی بووە. هەڵسوکەوتی ئینریکی هێندە سەیر و سەمەرە بوو، رای گشتی کە هەمیشە پاڵپشتی ئەم راهێنەرە بوون، سەرکۆنەی هەڵسووکەوتەکەیان کرد. پاریس سانجێرمان هیچ گومانی نەبوو لە سڕکردنی ئێنریکی. بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی شەوی رابردوو راگەیەندرا کە جواو نێڤێسی یاریزانی پاریس سانجێرمان بۆ ماوەی دوو یاری سڕ دەکرێت بەهۆی ئەوەی لەو یارییەدا قژی کۆکۆریای راکێشاوە و کارتی سووری پێدراوە.
ئەمڕۆ یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا دڵنیایی دایە پاریس سانجێرمان. رۆژنامەی لیکیپی فەڕەنسی رایگەیاند، ئەمڕۆ پاریس سانجێرمان بە فەرمی پرسیاری لە یوێفا کردووە کە ئایا لویس ئێنریکی سڕ دەکرێت و لە جامی سوپەر بەرامبەر تۆتنهام ناتوانێت یاوەری تیپەکەی لەکورسی یەدەکەوە بکات. وەڵامی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا نەرێنی بوو. یوێفا بەبێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەک بدات، رایگەیاند کە لەم کاتە هیچ بەربەستێک بۆ ئامادە بوونی لویس ئێنریکی و ئامادەبوونی لە جامی سوپەردا نییە.
یاریی جامی سوپەری ئەوروپا لە نێوان پاریس سانجێرمانی پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ و تۆتنهامی پاڵەوانی یۆرۆپالیگ بڕیارە سبەی کاتژمێر 22:00 بە کاتی هەولێر لە ئیتاڵیا و لە یاریگای بلووئێنێرجی بەڕێوە بچێت.